زیاد جەبار: بڕیاری 43% بۆ زۆنی یەكێتی 57% بۆ زۆنی زەرد هەڵەیە ئەگەر یەكێتیش دابێتی


سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشە رایدەگەیەنێت "دیاریكردنی 43% كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیاریكراوە لەزۆنی سەوز بێت و 57% ی لە زۆنی زەرد بێت بڕیارێكی هەڵەیە ئەگەر یەكێتیش بڕیارەكەی دابێت".

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، من تێبینیم لەسەری هەبوو ئەوە بوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەدەبووایە بەو شێوەیە بڕیاری بدایە كە 43% ی ئەو ڕێژەیەی دیاری دەكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لەزۆرنی سەوز بێت و 57% ی لە زۆنی زەرد بێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی كارنامەكەی خۆی ئەگەر لەشوێنێكیشدا ئاسەواری دوو ئیدارەیی هەبێت بتوانێت ئەمە كاڵ بكاتەوە و بەرەو نەمانی بەرێت، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای ئابوری لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەیاندا بڕیارێكی باش نەبوو كە بووە هۆی زەقبوونەوەی دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستاندا".

هەروەها وتویەتی "كاتێك ئەو بڕیارە دراوە بەپێی بەدواداچوونەكانی من نزیكەی 300 ملیار دینار لە بانكەكانی پارێزگای سلێمانیدا هەبووە لەداهاتی ناوخۆ بەڵام كە ئەو كاتە ئەو بڕیارەدرا هەموو مانگێك ڕێژەیەك بڕیاردەدرا لە وەزارەتی داراییەوە ئەوە مەرج بوو بۆ نموونە مانگی پێشوو مەرج بوو 75 ملیار دینار دیاری بكەن بۆ مووچە ئیتر بیرلەوە ناكەنەوە ئەم داهاتانەی ناوخۆ ئایا بەشی هەموو ئەو پێداویستیانە دەكات كە لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی تێیدا ڕەچاودەكرێت؟"


زیاد جەبار دەشڵێت" من دەڵێم ئەنجوومەنی باڵای ئابوری لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەی داوە (دابەشكردنی داهات بە ڕێژەی لە ٥٧% بۆ هەولێر و دهۆك، لە ٤٧% بۆ سلێمانی) من بە بڕیارێكی هەڵەی دەزانم‌ ئەگەر هەر یەكێتیەكانیش ئەو بڕیارەیان دابێت. "

زیاد جەبار زیاتر ڕونیكردەوە "بۆ نموونە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بریتیه ‌لە خاڵەسنورییەكان لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و باج و خەراج لەسلێمانی كۆدەبێتەوە، خەرجیەكانی بریتین لەوەی هەموو مانگێك بەمەركەزی لە وەزارەتی داراییەوە نوسراوێك دەكرێت بۆ بانكی ئاشتی كە بڕی ئەوەندە تەمویل بكەن بۆ مووچە، هەروەها هەموو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسلێمانی خەرجیەكانیان و پێداویستیەكانیان لەداهاتی ناوخۆی سلێمانییە هەروەها هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لەسنوری شاری سلێمانی لەم داهاتەیە له ‌سەرو و هەموو ئەمانەشەوە بڕێك لەداهاتی سلێمانی 15-18 ملیار دینارە تەمویل دەكرێت بۆ بودجەی تشغیلی-بەكاربردنی هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان ئەمانە وایكردووە ئەم بڕە پارەیەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی هەموو مانگێك كەمی بۆ دروست ببێت، لەمانگی 7 وە هەتا كۆتایی ساڵ هەموو مانگێك لەو 300 ملیار دینارەی كە هەبووە دراوە ئەوكاتە زیاتریش بوو مانگی واهەبووە 160 ملیار دینار لەداهاتی ناوخۆ خەرج دەكرا دواتر وردە وردە ئەمە كەمی كرد، ئەم سێ مانگەی كۆتایی ئەمساڵ هەموو مانگێك 35 ملیار دینار كەمی بۆ دروست دەبێت ئێستا 105 ملیار دینار كەمی كردووە، ئێستا قسەر لەسەرئەوە دەكرێت كە ئەمە لامەركەزی ئیداریی و داراییە".



AM:10:54:13/05/2022