"لە دهۆک دوو لیژنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێکهاتوون"

جێگری پارێزگاری دھۆک ڕایدەگەیەنێت" لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێکھاتووە و لایەنە پەیوەندییدارەکان تێیدا ئەندامن".

عەبدول مەجید عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" وشکەساڵی کاریگەری لەسەر ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی و بەرھەمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دھۆک ھەبووە، ئەوەیش وای کردووە خواست لەسەر لێدانی بیری ئاو زیاد ببێت، نزمبوونی ئاستی ئاو جووتیارانی ناچار کردووە داوای لێدانی بیر بکەن، ھەندێک ھاووڵاتییش داوای لێدانی بیری بەدیل دەکەن، چونکە بیرەکانیان وشک بووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە دهۆک نزیکەی چوار ھەزار بیر لە ھەردوو جوری خواردنەوە و کشتوکاڵ هەیە، نزیکەی (١٥%)ی خەڵکی دھۆک بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لە ئاوی بیر وەردەگرن.

هاوکات لای خۆشیەوە ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێکھاتووە و لایەنە پەیوەندییدارەکان تێیدا ئەندامن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ زیانەکانی وشکەساڵی کردووە".

ڕوونیشیکردەوە، لە دھۆک ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بەرەنگاری کاریگەرییەکانی وشکەساڵی ببینەوە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرینە بەر.


PM:02:40:13/05/2022