" یەکێتی ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، بەڵام پێشنیاری نییە "

دوا نیوەرۆی ئەمڕۆ یەک شەممە دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی لە بارەی دۆخی سیاسی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی کۆبونەوەو بڕیاریان دا ئامادەن لەگەڵ پارتی کۆببنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە " سپی " راگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی و دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بڕیار دراوە کە ئامادەن لەگەڵ پارتی کۆببنەوە.

لەبارەی بوونی هیچ دەستپێشخەریەک، ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە یەکێتی هیچ دەستپێشخەریەکی نییە بۆ چارەسەکردنی ئەم قەیرانە تا بیخاتە بەردەم پارتی، بەڵکو ئەوان چاوەڕوانی راو دەستپێشخەری پارتی دەکەن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی " سپی " یەکێتی لەسەر ئاستی حیزب و حکومەت بڕیاریان داوە کە هەوڵبدەن " ستۆپ " بە پارتی بکەن و چیتر لە ژێر هەژموونی پارتی دەربچن و رای جیاوازیان هەبێت و چیتر نەبنە پاشکۆی سیاسەتی ئەو حیزبە.

لە هەفتەی رابردووەوە نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی لە دوا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەو حیزبە راسپردراوە بۆ کۆبوونەوەو لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ یەکێتی و لایەنە کوردستانییەکان.
 

AM:12:04:16/05/2022