لەبارەی گرانبوونی نرخی مریشک روونکردنەوە دەدرێت

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان ڕایدەگەیەنێت" هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، گرانبوونی عەلەف، جوچک و خراپی ڤاکسینەوەیە". 

نازم عه‌بدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە" نرخی مریشکی زیندو لەبازاڕەکاندا پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی مریشکەوە هەیە لەبەرئەوەی هەر لە کڕینی جوچک و دەرمان و عەلەف و گاز و پێداویستیەکانی بەخێوکردن گرانبوە، حکومەتیش هیچ هاوکارێک و بەدەمەوە هاتنێکی بۆ ئەم کەرتەنییە".

ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشی نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاو بۆتەوە (٧٠%) مریشک و جوچکی لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردن لەناوبردوە، بەداخەوە بەکارهێنانی ڤاکسین بەهیچ شێوەیەک لەکوردستان کارناکات، ئەو ڤاکسینانەی هەیە لە عێراق و کوردستان خراپن، ماوەی دو ساڵە ئێمە داوا دەکەین لەحکومەت کە ڤاکسین دابین بکات بۆمان چونکە ئەوە ئەمنی قەومیە هیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆبەرێت بێجکە لە حکومەت دەتوانێت خوێن بگرێت و لەڕێگەی سەمپڵەوە بیباتە وڵاتێکی ئەوروپی و ڤاکسین دابین بکات پاشان بیفرۆشێتەوە پێمان نەک بەخۆرایی، بەڵام جێگەی دڵنیایی خاوەن کێڵگەکان بێت. 

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان باسی له‌وه‌شكرد، مریشک هێشتا نرخی خۆی دەرناهێنێتەوە و هەر لە زیاندان خاوەن کێڵگەکان بەهۆی لەناوچونی مریشک لە هۆڵەکاندا، هەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پرۆژە سێ هەزارو ٢٥٠ دینار دەکەوێت لەناو هۆڵی بەخێوکردن، وەئەگر ڕێژەی (٣٠%) مریشک بمرێت ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بە حه‌وت هەزار دیناریش هەر لە زیاندایە و مایەی خۆی ناگرێتەوە. 


PM:04:31:16/05/2022