دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گۆڕانکاری بەسەردا دێت

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوومان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردراوە، ڕاگەیاندنی لیستی مووچە پێشبخرێت". 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە سایتی (ناس کورد)ی ڕاگەیاند" لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەمان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێک دران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، یەکێک لەوانە پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە بوو کە لە سنوری سلێمانی دروست دەبێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان هێنانەپێشەوەی وادەی ڕاگەیاندنی لیستی مووچە بوو لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەس و لایەنانەی لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون ئەگەر بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، ئەگەریش کەمتەرخەم بن بە دڵنیایی توشی کێشە دەبینەوە. 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی دارایی و ناوخۆ و پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەربارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا کێشەی نەبوونی پارەی نەختینە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چارەسەر بکرێت.   


PM:07:45:19/05/2022