نامەیەکی تایبەتی نەوشیروان مستەفا بۆ جەبار فەرمان بڵاودەکرێتەوە

لە پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، نامەیەکی نهێنی ئەو کەسایەتییەکی کۆنی یەکێتی و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، جەبار فەرمان بڵاودەکرێتەوە، کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٩.

بڵێسە جەبار فەرمان بۆ یەکەمجار نامەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفای بۆ جەبار فەرمانى باوکی بڵاوکردەوە، لە نامەکەدا نەوشیروان مستەفا پەیامێکى بۆ جەبار فەرمان ناردووە، نامەکەش لە رێکەوتنى  ٢٩/١١/١٩٨٩ لە دیمەشق/ شام نێردراوە بۆ رەزاییە  لە ئێران کە جەبار فەرمان  نوێنەری یەكێتێ   بووەو ئەو دەمە لەوێ نیشتەجێبووە، لەنامەکەدا هاتووە" ماوەیەکە لەملاو ئەولاھەندێ قسەو باس ئەبیستمەوە کە بەشێکی ئێخەی تۆ ئەگرێتەوە، زۆرم پێ ناخۆش بوو، چونکە شتی وەھا نەئەبوو لە کەسێکی وەکو تۆ بوەشێتەوە، بەڵکو ئەبوو تۆش وەکو برادەرانی تر بە تەبایی و تحملەوە خەریکی ھەڵساندنەوەی باری کەتووی گەلەکەمان بویتایە".

لە بەشێکی تری نامەکەدا ئەوەش هاتووە" بیستومە خۆت و برادەرانی زیندان، تازە کەوتونەتە خۆ کۆکردنەوە و قسەکردن، ھەروەک بیستومە تازە خەریکی لەگەڵ پاشماوەکانی ئاش دۆستایەتی دروست ئەکەن، بەھەر حاڵ ئەگەر وایە حەز ئەکەم چارەسەری بکەن وە جارێکی تریش بیری لێ بکەنەوە، چونکە ئەم رێکخراوەی ئێمە بەرگەی تکتل ناگرێ و چاک لەبیرتە ھەرکە تەکەتولی کردبێ سەرەنجام خۆی زەرەری کردوە و ئەگەر ئێوەش بەتەمای شتی وەھان ھیوادارم سەرلەنوێ بیری لێ بکەنەوە و لە ھەوڵدانی لەو بابەتە دور بکەونەوە". 

دەقی نامەکە بەمشێوەیەیە: 

نامەیەکی بڵاو نەکراوەی کاک نەوشیروان بۆ جەبار فەرمان.

نامەکە لە دیمەشق/ شام نێردراوە لە 

٢٩/١١/١٩٨٩

دواتر وەڵامی نامەکەش دەخەمە ڕوو کە باس لە پشتگیری کردنی سەرسەختی کاک نەوشیران دەکات بۆ خزمی خۆی

برای بەڕێز کاک جەبار

سڵاوێکی گەرم ھیوادارم ھەردەم لە خۆشیدابن.

احترامی زۆرم ھەیە بۆ سەبیحە خان. ھەواڵی کچەکان ئەپرسم، ئومێدم وایە لە خوێندندا پێشکەوتووبن و لەگەڵ ژیانی نوێ راھاتبن. ئێمەش باشین.

کاکە گیان..ماوەیەکە لەملاو ئەولاھەندێ قسەو باس ئەبیستمەوە کە بەشێکی ئێخەی تۆ ئەگرێتەوە. زۆرم پێ ناخۆش بوو چونکە شتی وەھا نەئەبوو لەکەسێکی وەکو تۆ بوەشێتەوە، بەڵکو ئەبوو تۆش وەکو برادەرانی تر بەتەبایی و تحملەوە خەریکی ھەڵساندنەوەی باری کەتووی گەلەکەمان بویتایە.

بیستومە خۆت و برادەرانی زیندان، تازە کەوتونەتە خۆ کۆکردنەوەو قسەکردن، ھەروەک بیستومە تازە خەریکی لەگەڵ پاشماوەکانی ئاش دۆستایەتی دروست ئەکەن، بەھەر حاڵ ئەگەر وایە حەز ئەکەم چارەسەری بکەن وە جارێکی تریش بیری لێ بکەنەوە، چونکە ئەم رێکخراوەی ئێمە بەرگەی تکتل ناگرێ و چاک لەبیرتە ھەرکە تەکەتولی کردبێ سەرەنجام خۆی زەرەری کردوە وئەگەر ئێوەش بەتەمای شتی وەھان ھیوادارم سەرلەنوێ بیری لێ بکەنەوەو لەھەوڵدانی لەو بابەتە دور بکەونەوە، بەتایبەتی ئەوی لەدەرەوەی وڵاتی خۆی و لەکاتی تەنگ و چەڵەمەدا کاری وا بکات ھەر خۆی پێ ئەشکێ و ھیچ دەستکەوتێکی نابێ. گریمان ئێستە ھەموو یەکێتیمان تەسلیمی ئێوە کرد بەخۆشی بێ تکتل و موئامەرەو مزایەدەو تشھیر ئەتوانن چی بکەن و چی لە وەزعەکە بگۆڕن.

بەپێویستم زانی ئەم نامەیەت بۆ بنوسم. چونکە تۆ لەلای من ھەمیشە تقدیرێکی

تایبەتیت ھەبوو، حەز ناکەم لەم قۆناغە ناخۆش و ناسکەدا بەھەڵەدا بچی و پیاو لە رەفیقایەتیتان پەشیمان بێتەوە. بەلامەوە سەیرە یەکێکی وەکو تۆ یاخود ئەرسەلان دابنیشن قسە لەسەر من بکەن یا بنوسن. کورد دەمێکە وتویەتی " تفی روەو با رووی خاوەنەکەی ئەگرێتەوە"
دوبارە تکای برایانەم ئەوەیە کەماوەی ئەو جۆرە کارانە نەدەن ئەگەر شتێکیش بوە لەبیری خۆتانی ببەنەوەو خەڵک لە ئەزمەو لێقەوماندا ئەناسرێ و مەعدەنی راستەقینەی دەرئەکەوێ.
دوبارە سڵاوم ھەیەو بەھیوای خۆشیتانم.
واژۆی
نەوشیروان مستەفا
١٩٨٩/١١/٢٩
شام


AM:12:21:20/05/2022