رۆژێك دوای ساڵیادی كۆچی نەوشیروان مستەفا، رێباز حەملان ستایشی بارزانی دەكات


رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ستایشی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و دەڵێت "ئەم پێشمەرگەو رابەرە مەزنەی كرد بە (مەرجەع و بڕیادەر)، تەمەن درێژیی و سەرفرازی بۆ (سەرۆك مەسعود بارزانی)".

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسینێكدا نووسیویەتی "١٩٦٢/٥/٢٠  — ٢٠٢٢/٥/٢٠، ٦٠ ساڵ پێشمەرگایەتی و خەبات بێماندووبون، بێكۆڵنەدان، بەردەوامە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "سەرۆك بارزانی لە شۆرشی ئەیلول و گوڵان لە خەباتی شاخدا تەمەنی لاوی بەرێكرد، مێژویەكی مەزن و پر لە دەستكەوتی تۆماركرد، بە كاریگەرییە گەورەكانی لە راپەرین و ئازادكردنی باشوری كوردستان، داھێنەری یەكەم بیرۆكەی ھەڵبژاردن و خەباتی مەدەنی بوو لە كوردستان كە حكومەت و پارلەمانی لێ دروستبوو، رابەرو سەركردایەتی گەلەكەی كرد لە مافی چارەی خۆنووسین و ریفراندۆم".

حەملان وتویەتی "بەرگریكردن و خۆنەچەماندن لەسەر مافە رەواكانی گەلی كورد، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و جیھانی، ئەم پێشمەرگەو رابەرە مەزنەی كرد بە (مەرجەع و بڕیادەر)، تەمەن درێژیی و سەرفرازی بۆ (سەرۆك مەسعود بارزانی)".

ئەو نووسینەی رێباز حەملان لە كاتێكدایە دوێنێ پێنجەمین ساڵیادی كۆچی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، رێباز حەملانیش لە كابینەی پێشتری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە كاندیدكرا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، بەڵام دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێباز حەملانیش وازهێنانی لەگۆڕان راگەیاند و لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم كابینەیەدا پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژەی پێدرا.  



AM:10:47:20/05/2022