كشانەوەی مالیكی لە كاندیدی سەرۆك وەزیران رەتدەكرێتەوە

نوێنەرێكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسای لە پەرلەمانی عێراق هەواڵی فراكسیۆنی ئەحرار سەبارەت بە كشانەوەی نوری مالیكی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتدەكاتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سۆمریە نیوز، پەرلەمانتارێكی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، هەواڵی كوتلەی ئەحرار رەتدەكاتەوە كە رایگەیاندبوو نوری مالیكی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید ناكات.

ئەمرۆ چوارشەممە ریاز ساعدی، پەرلەمانتار‌و ئەندامی كوتلەی ئەحرار وتبووی كە فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران پێنج بژاردەی هەیە‌و نوری مالیكی بەهۆی گوشارە سیاسیەكانەوە كشانەوەی خۆی راگەیاندوە.

ساعدی وتبووی كە ئەحمەد چەلەبی، ئیبراهیم جەعفەری، عادل عەبدولمەهدی، خوزەیر خەزاعی‌و حسێن شەهرستانی ئەو پێنج كەسەن كە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ناویان راگەیەنراوە.

لەكاتێكدا كە نوری مالیكی‌و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو زۆرترین كورسی پەرلەمانیان بەدەست هێنان، بەڵام زۆرێك لەلایەنە سیاسیەكانی ناڕازین ئەو ئیئتیلافە جارێكی دیكە نوری مالیكی كاندید بكاتەوە.



PM:02:59:30/07/2014