مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە

بڕیارە سبەینێ هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە بچێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە دەست (سپی) كەوتووە، سبەینێ لە شاری هەولێر كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بەڕێوە دەچێت و، سەرچاوەکەی سپی دەلێت  "كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بەو قەیرانانەی ئێستا لەئارادان لەنێوان هەردوولا، بەڵام لەبەرئەوەی ماوەیەكی زۆر گرژی لە نێوان هەردوولا هەبووە و ئێستا گرژییەكان كەمبونەتەوە، بۆیە كۆبوونەوەكەی سبەینێ گرنگە و ئەگەر دەرەنجامی باشیشی هەبوو، ئەوا بۆ داهاتوو لێكەوتەكانی باش دەبن".

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و دۆخی دارایی و دواكەوتنی مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، گرژی زۆر لەنێوان ئەو دوو حیزبە دروستبوو، بەڵام بەهۆی هاتنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ شاری سلێمانی و كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی، ئێستا نێوانی ئەو دوو حیزبە هێور بۆتەوە.


PM:09:46:24/05/2022