مووچە‌و هەڵبژاردن‌و كوێخا موبارەك تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەبوون
"(سپی) وردەكاری كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی و پارتی بڵاودەكاتەوە"


كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها بۆ ئاساییكردنەوەی گرژییەكانی نێوانیان بووە، بەڵام تەوەرە گرنگەكان باسكردنی مووچە و هەڵبژاردن و هێزەكەی عەبدوڵای كوێخا موبارەك بووە".

ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو، پاش كۆبوونەوەكەش، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند "لە كۆبوونەوەكەدا راشكاوانە پەیوەندییەكانی هەردوولا و دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان و زەمینەی هاریكاریی هاوبەش و كاری پێكەوەیی، تاوتوێ كرا."    
 
هەروەها هاتووە "بڕیاردرا كۆبوونەوە هاوبەشەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتی وەك پرەنسیپی كاری پێكەوەیی بەردەوام بن، هاوكات لیژنەیەكی هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی هەردوولا هەبێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان".

هیچ رێككەوتنێكیان نەكردووە

 بەپێی زانیارییەكانی (سپی) كە لە سەرچاوەیەكی تایبەتی نێو كۆبوونەوەكەوە دەستی كەوتووە، كۆبوونەوەكە تەنها بۆ ئاساییكردنەوەی گرژییەكانی رابردووی نێوانیان بووە و هیچ رێككەوتنێكیان سەبارەت بە پرسەكانی نێوانیان نەكردووە، بەڵام بڕیاریان داوە كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بێت.


"پارتی رازییە بە سیستەمی فرە بازنەیی هەڵبژاردن"

وا بڕیارە رۆژی 1ی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد "ئێستا پارتی رازی بووە سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كورردستان بكرێتە چوار بازنەیی، بەڵام بۆ مەسەلەی گۆڕینی كۆمسیۆن و تۆماری دەنگدەران ماوەتەوە بۆ گفتوگۆكردن". 

دۆخی مووچە چی لێدێت؟

چارەسەركردنی دۆخی مووچەخۆرانی سنوری پارێزگای سلێمانی تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە بووە، بەوتەی ئەو سەرچاوەیەی یەكێتی "وەفدی پارتی جددی بوون لەمەسەلەی چارەسەری كێشەی مووچەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو لیژنەیەی لە سلێمانی بۆ چارەسەری كێشەی دواكەوتنی مووچە پێكهێنرابوو، دەریخستووە كێشەی نەمانی پارە لە بانكەكان بەهۆی یەكێتییەوە نەبووە، بەڵكو كێشەی لای حكومەتی هەرێم بووە".

بۆچی بەرپرسی دژە تیرۆر لە كۆبوونەوەكەدا بەشداربوو؟

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی هێزەكانی دژی تیرۆری یەكێتی بەشداربوو، ئەو سەرچاوەیە وتی "هۆكاری بەشداریكردنی فەرماندەی دژە تیرۆر ئەوە بوو باسی مەسەلەی ئەمنی كرا كە لای ئێمە مەسەلەیەكی گرنگ بوو، ماوەیەكە پارتی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی فۆرمی بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار دابەشكردووە بەشێوەی نهێنی ئەوەش یەكێتی نیگەران كردووە".

سەرچاوەكە وتی "ئەندامێكی شاندەی پارتییش وتی ئەسڵەن ئێمەش زانیاریمان هەیە كە یەكێتی دەیەوێت لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدا هێز دروست بكات، وتیان دوای لێكۆڵینەوە بۆمان دەركەوت وا نییە، بۆیە رەنگە ئەوەی لای ئێوەش وا نەبێت".

ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە "لە باسكردنی هێزەكاندا باسی ئەو هێزە كرا لە ناوچەی چەمچەماڵ لەلایەن پارتییەوە بۆ عەبدوڵای كوێخا موبارەك دروستكراوە،  پارتی وتیان ئەو هێزە لە دژی داعش دروستكراوە و لە داهاتوویەكدا نزیكدا دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەكانی پارتی".




PM:08:36:25/05/2022