سەرۆكی دەستەی ئامار: نابێت سەرژمێری تێكەڵ بە مەرامی سیاسی بكرێت


سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەرژمێری پڕۆژەیەكی گرنگە و نابیت تێكەڵ بە مەرامی سیاسی بكرێت.
  
بەپێی راگەیەنراوی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستە لەسەر داوای وەزیری پلاندانان لە عێراق، لەگەل سكرتێری دەستەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان بەشدارییان كرد لەكۆبونەوەی وەزیری پلاندانان لەگەل ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری و ئیدارەی جێبەجێكاری سەرژمێری لە عێراق لە بەغدا رۆژی ٢٥ ئایاری ٢٠٢٢.  

لەم لینکەوە تەلەگرامی سپی جۆین بکە

وەك لە راگەیەنراوەكە هاتووە، لەم كۆبونەوەیەدا وەزیری پلاندانانی عێراق دوا پێشهاتەكانی ئامادەكاری بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتووانی خستەروو و سووربوونیان لەسەر تەواوكردنی ئامادەكارییەكان لەلایەن دەزگای ناوەندی ئامار لە عیراق و گرنگی هاوئاهەنگی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان لەم پرۆسەیە لەگەلیان بەمەبەستی بەردەوامبوونی كارەكانی ئامادەكاری بۆ سەرژمێری گشتی لەسەر ئاستی حكومەتەكانی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان. 

لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری پلاندانان ئاماژەیكرد بە تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ سەرژمێری بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو و ئەو بودجەیە تەرخانكراوە بۆ دەزگای ناوەندی ئامار و دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان تاكو پێكەوە كار بكەن بە پێی پلان بۆ جێبەجێكردنی سەرژمێری دوای تەواو كردنی ئامادەكاریەكان.  

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە سەرۆكی دەستەی ئامار رایگەیاندووە، وەزارەتی پلاندانان لە هەرێمی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە كە سەرژمێری پرۆژەیەكی گرنگە و پێویستە بۆ بنیاتنانی وڵات و نابێت تێكەڵ بكرێت بە مەرامی سیاسی و كار بكرێ بەهاوبەشی هەردوولا بۆ سەرخستنی پرۆسەكە.

راگەیەنراوەكە وتویەتی "سەرۆكی دەستەی ئامار بۆ ئامادەبووانی خستەڕوو كە دەستەكەمان پێویستی بە كاری زیاتر ئەبێت لەمەولا تاكو شانبەشانی دەزگای ناوەندی ئامار بتوانێ قۆناغەكانی ئامادەكاری دەستە پێبكات و هیچ دواكەوتنێك نەبێت لەمەولا بەهۆی نەبوونی بودجە یان دەسەڵاتی جێبەجێكردن لەگەل چارەسەركردنی ئاستەنگە تەكنیكیەكان كە كارێكی زۆری پێویستە".  



PM:12:06:26/05/2022