جێگری سەرۆکی هەرێم به‌بۆنه‌ی به‌ڕێوه‌چونی دیداری گشتی یه‌كێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە

جێگری سەرۆکی هەرێم به‌بۆنه‌ی به‌ڕێوه‌چونی دیداری گشتی یه‌كێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت"هیواخوازم دیداری گشتی یەکێتی هەوڵێک بێت بۆ نوێبونەوەی توانا و قورسایی یەکێتی". 

جەعفەر شیخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی دیداری گشتیی یەکێتی لە ژێر دروشمی (نوێبوونەوە و چاکسازی) لەم کاتە پێویست و هەستیارەدا بەرز دەنرخێنم لە پێناو زاڵبوون بەسەر کۆی ئەو بەربەست و ئاڵنگارییانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی بەشێوەیەکی گشتی گرتووەتەوە، هەروەها پیرۆزبایی خۆم لە دڵەوە ئاراستەی  (بافڵ جەلال تاڵەبانی) دەکەم بە بۆنەی بوونی بە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هیوام سەرکەوتنی بەڕێزیانە لەو ئەرکە پڕ زەحمەتییەی کە لە ئەستۆیانە".

ئەوەشی خستەڕوو، هیواخوازم دیداری گشتیی یەکێتی هەوڵێک بێت بۆ نوێبوونەوەی توانا و قورسایی یەکێتیی و داڕشتنی سیاسەتێکی گونجاو کە لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی نێو کایەی سیاسیی ناوچەکە بگونجێت و ببێتە هۆکارێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەت و دیدگای یەکێتیی بەرامبەر بە پرسە چارەنووس سازەکان، ئەنجامەکەی ئەو دیدارە ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی نێو حزب، لەو چوارچێوەیە دا کار بکرێت بۆ ئاشتکردنەوەی کەس و کاری شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانە سیاسییەکان و لایەنگرانی یەکێتی، چونکە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان حزبی ڕووبارێک خوێنی شەهیدان و جەماوەرێکی دڵسۆزە، هەروەها خاوەن خەباتێکی پڕ لەشۆڕشگێڕی و ئازایەتی بووە بە رابەرایەتی مام جەلال. 

باسی لەوەشکرد، گرنگە هەموومان بە یەکڕیزی و تەبایی هاوکار بین بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هۆشیار، پاڵپشت بە کەسانی ئەکادیمی لە بوارە جیاوازەکان و بایەخدان بە گەنجانی ڕۆشنبیر و دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان و بەشداری پێکردنیان بۆ نێو پڕۆسەی حوکمداری و دووبارە ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی نیشتیمان و گەڕاندنەوەی بۆ خزمەتی گشتیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و جەماوەر. 


PM:07:25:30/05/2022