"ناتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت"

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ناتوانرێت لە وادەی دیاریکراو هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هەرخۆی ئێستا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمیسیاران بۆ هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەلانی کەمەوە شەش مانگی داناوه بۆ ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژار‌دنەکان". 

سلێمان مستەفا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" کۆمەڵێک پرسی تر هەیە دەبێت وەڵامیان بدەینەوه،‌ ئینجا بێین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، یەکەم شت ئەوەیە کە ئێستا لەناو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دەنگێکی بەرز هەیە کە یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە وەکو دەزانرێت یاسای هەڵبژاردنیش سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتە زیاتر کاریگەری لەسەر پرۆسەکە هەیە، لە ناو یاسای هەڵبژاردن کۆمەڵێک پرسی تێدایە کە دەبێت ڕێکبکەون لەسەری، مەبەستم ئەوەیە کە ڕێکبکەون لەسەر جۆری سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێکبکەون لەسەر شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردن و لەسەر شێوازی ئەژمارکردن و جیارکردنەوە کە ئایا بە ئەلکترۆنی دەبێت یان بەدەستی دەبێت ڕێکبکەون لەسەرئەوەی تۆماری دەنگدەران چۆن چۆنی بێت؟ تۆمارێکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت یان تۆمارێکی ئاسایی کاتی بەکاردەهێنرێت ئەگەر ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەستکەوت ئینجا دەتوانیین بێین باسی ئەوە بکەین کە ئایا لەو وادەی کە دیاریکراوە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت یان هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، خاڵێکی زۆر گرنگ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 23-12-2019 وە، وادەی یاسایی بەسەرچووە، ئەمە خاڵێکە ناکرێت ئینکاری لێبکرێت یان نکۆڵی لێبکرێت، ئێمە خۆشمان وەکو ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە مانگی هەشتی 2019 نوسراومان کرد بۆ بەڕێز پەرلەمانی کوردستان وتمان پاش چەند مانگێکی تر وادەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمسیاران بەسەردەچێت هیوادارین ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر کە بەپێی یاسای کۆمسیۆن ئەنجوومەنێکی تازە دابنرێت، بە ئیستسنائیش‌ یاسا ڕێگەی داوە خولێکی تر بۆ ئەنجوومەنی کۆمسیاران درێژبکرێتەوە بەداخەوە هیچ یەکێک لە فراکسیۆنەکان دوای ئەو ماوە درێژە باسی ئەوەیان نەکرد کە وادەی یاسایی ئەم ئەنجوومەنە درێژبکرێتەوە یاخود ئەنجوومەنێکی تازە هەڵبژێردرێت، لەبەرئەوە من نامەوێت ئێستا پێش ڕووداو بکەوم، چونکە ئێستا من بۆم نییە، بڵێم دەتوانم یان ناتوانم بەدەر لەچوارچێوە یاساییەکەی، لەبەرئەوەی یەکەم شتی هەڵبژاردن ئەو چوارچێوە یاساییە لەناو یاسای هەڵبژاردنیش باس دەکات کە کۆمیسیۆن ڕێکارەکان دەگرێتەبەر، ئەگەر حزبە سیاسیەکان لەسەر ئەمە ڕێککەوتن ئەوکاتە ئەو ئەنجوومەنە ئێمە بین یان ئەنجومەنێکی تازە بێت دەبێت دابنیشێت بە پشت بەستن بەکۆمەڵێک پێوەر و ستانداری نێودەوڵەتی بگرێتەبەر، ئینجا دەبێت بڕیار بدات ئایا دەتوانێت لەماوەی چەند هەڵبژاردن بکات ئەوکاتەی ئەوەی زۆر گرنگ دەبێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکە کە بتوانێت متمانەی حیزبە سیاسیەکان و دەنگدەران بەدەست بهێنێت نەک بۆئەوەی بۆنموونە بڵێن مانگێک دوادەکەوێت یان پێشدەکەوێت یان لەکاتی خۆیدا دەکرێت یاخود ناکرێت، پرۆسەی هەڵبژاردن هەر ئەوە نییە کارتی دەنگدان چاپ بکرێت و بخرێتە ناو سندوقی دەنگدان واتە پرۆسەیەکی دوور و درێژه،‌ کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی هەیە دەبێت ئەمانە هەمووی بگیرێتەبەر لەبەرئەوە من ناتوانم بڵێم، بەڵێ ئێمە دەتوانین یان نەتوانیین دەبێت ئەو ئەنجوومەنە بڕیاربدات کە پشت بە کۆمەڵێک بنەما و ستانداردی نێودەوڵەتی ببەستێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەکو کەسێک کە لەمەجالی هەڵبژاردن کاردەکەم نەک وەکو کۆمیسارێکی ماوە بەسەرچوو، بە بڕوای من ناتوانرێت لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن بکرێت چونکە هەرخۆی ئێستا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمیسیاران بۆ هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بەلانی کەمەوە شەش مانگی داناوە چونکە ئامادەکارییەکان خۆی لەکۆمەڵێک هەنگاوی دوورودرێژدا دەبینێتەوە واتە خشتەی کردارەکانە ئەگەر ئێستا ئەنجوومەنی کۆمسیاران وادەی یاسایی بەسەرنەچووبایە، پارتەسیاسیەکان لەسەر تۆماری دەنگدەران و کۆمەڵێک شتی تر ڕێکبکەوتنایە کۆمیسیۆن لەو دووساڵەی تر ئیشەکانی تری بکردایە بەدڵنیاییەوە ماوەیەکی زۆر کەمتری دەویست.

سه‌باره‌ به‌ پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران، سلێمان مسته‌فا باسی له‌وه‌كرد، پاككردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران خۆ گه‌نم و برنج نییه‌ بیبژێریت و پاكی بكه‌یته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ناو یاسای كۆمیسیۆن و له‌ناو یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان غه‌درێكی زۆر زۆر له‌ كۆمیسیۆن ده‌كرێت كه‌ ده‌ڵێت ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران تۆماری ده‌نگده‌ران ئاماده‌ ده‌كات، لێره‌دا یاسادانه‌رانی كوردستان خۆی له‌ شتێكدا بواردوه‌ كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان پشت به‌كام داتا ببه‌ستێت بۆ تۆماری ده‌نگده‌ران چونكه‌ بۆ دروستكردنی داتا له‌ هه‌مو دنیا ئاماده‌كردنی داتای وڵات له‌ده‌ستی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تدایه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی كارتی نیشتیمانی ده‌رده‌كه‌ن.

سلێمان مستەفا دەشڵێت" ئەو داتایە پاککردنەوەی زۆر زۆر قورسە لەبەرئەوەی ئەو خەڵکانەی لە هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی دەکەن، یان بۆنموونە چوونەتە دەرەوەی وڵات، ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە کە وەفاتنامەیان بۆ دەردەکرێت ژمارەی فۆڕمی خۆراکی لەسەر نییە ئیتر ناتوانرێت لەناو داتای وەزارەتی بازرگانی ڕەشبکرێتەوە مەگەر خاوەنی کۆچکردووەکە خۆی بێت و بەڵگەنامەیەک بدات بە کۆمیسیۆن بڵێت ئەم ناوە ڕەشبکەنەوە لەبەرئەوەی کۆچی دوایی کردووە لەبەرئەوە پاککردنەوەی ئەم تۆمارە زۆر زۆر قورسە ناڵێم مەحاڵە واتە ئەو پاککردنەوەی حیزبەسیاسیەکان و دەنگدەران دەیانەوێت ئەمە بە کۆمیسیۆن ناکرێت". 


AM:10:56:31/05/2022