بەبۆنەی یادی دامەزراندنییەوە یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنیەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دەبێت پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاكژكردنەوەی لیستی دەنگدەران بكرێت.

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، وەك یەكێتی پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزی هێزە سیاسییەكان تاكو ئەم كۆ دەنگی و یەكگرتویەی گەلی كوردستان بكەینە بناغەی كاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكاندا بۆ بەشدارییەكی كارای كورد لەپرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراكەت، پاراستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموكراتیەكان لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا

 

دەقی پەیامەكەی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:

 

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان،

پێشمەرگە قارەمانەكان و

تێكۆشەرانی رێی رزگاری ‌و خەباتگێڕانی ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان،

بە سڵاوێكی گەرمی هەڤاڵانەوە پیرۆزبایی بیرەوەری (٤۷) ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و (٤٦) ساڵەی دەستپێكردنەوەی شۆڕشتان لێ دەكەین.

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دۆخی دژواری دوای هەرەس و بۆ سەرخستنی پرۆژەی رزگاری و سەرفرازی گەلی كوردستان و دابینكردنی ماف و داخوازییەكانی لەسەر بنچینەی مافی چارەنووس هاتە كۆڕی خەباتەوە و سەرۆك مام جەلال و هاوڕێ دامەزرێنەرەكانی دەستپێشخەریی مێژووییان كرد و دوای ساڵێكیش لە دامەزراندن سەدان هەزار تێكۆشەر بوونە هەوێنی دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ و ئەم كاروانەی كە بەردەوامە ئامانجی گەورەی بەدیهێناوە و هێشتا زۆری تریش ماوە كە بەدی بێنێت ، ئەم رەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە رێبەری سەرۆك مام جەلال و بەگیانی پیرۆزی هەزاران شەهید و رەنجی شانی سەدان هەزار تێكۆشەر گەیشتە قۆناغی فیدرالی و سەرۆك مام جەلالیش بووە یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی عێراقی دیموكرات و فیدرال.

 

هەڤاڵانی خۆشەویست

لە كاتێكدا یادی ئەو ڕۆژە گەش و پڕ سەروەرییەی یەكێتی دەكەینەوە، رووداو گەلێكی زۆر لە سەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و عێراق و كوردستان هاتۆتە ئاراوە كە وامان لێ دەخوازێت یەكێتی بە ڕوانینێكی نوێیەوە رۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت و ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە تازەكانیش لەئەستۆ بگرێت. لەسەر ئاستی كوردستان وەك یەكێتی پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزی هێزە سیاسییەكان تاكو ئەم كۆ دەنگی و یەكگرتویەی گەلی كوردستان بكەینە بناغەی كاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عێراقیەكاندا بۆ بەشدارییەكی كارای كورد لەپرۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراكەت، پاراستنی ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموكراتیەكان لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا. ئەم جۆرە سیاسەتە بارودۆخی چەق بەستوو و ناهەمواری وڵات ئەخاتەوە سەر ڕێچكەی ڕاست و دروستی چارەسەركردن و رێگا بۆ گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانیش دەكاتەوە.

 

هەڤاڵانی تێكۆشەر

لەكاتێكدا یادی ئەو دوو بۆنە شكۆدارە دەكەینەوە، ئەمساڵ دیداری یەكێتیی بۆ نوێبونەوە و چاكسازی تێكەڵ بە یادە مەزنەكەمان بووە، ئەم دیدارە لەرێگەی بەشداری هەڤاڵان لە هەموو ئۆرگان و ناوچەكانەوە نەخشەرێیەكی تازەی كاركردن دەهێنێتە كایەوەو بە بڕیار و راسپاردەكانی لەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و ئالنگارییانە دەوەستێت و رێگا چارەی نوێ بۆ خەباتی حزبایەتی و حوكمرانی پێشنیار دەكات، تا پێكەوە ئەم ئەركە حزبی، دیموكراتی و نیشتمانییە سەر بخەین.

 

هاووڵاتیانی خۆشەویست،

هەموومان دەزانین هەرێمی كوردستان بەرەو وەرزی هەڵبژاردنەكان دەڕوا و یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات لە ڕێی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاكژكردنەوەی لیستی دەنگدەران، داواش دەكەین مشتومڕەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان بە زمانێكی ئارام و هێمن بەڕێوە بچن. بۆ ئەوەی ئاشتی كوردستان زەمینەی پەرەپێدانی دیموكراسی و حوكمڕانی باشتر بخوڵقێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش هەڤاڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئامادەیی یەكێتی دوپاتكردەوە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەپێناو هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد وەك لە چەند ڕۆژی ڕابوردوو راگەیاند "بۆ ئەوەی گۆڕانكاری ڕاستەقینە لە حكومڕانی كوردستان بكەین”.

 

جارێكی تر بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی و هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ .

 

رۆحی شەهیدان شاد و یادیان هەر زیندوو بمێنێت .



PM:07:02:31/05/2022