" لە کاتێکدا هەرێم ٣١ ملیار دۆلار قەرزارە بە دوو فڕۆکەی جیا دەچن بۆ پرسەی سەرۆکی ئیمارات"


دادوەرێکی ناسراوی کوردستان رەخنە لە گەشتەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت دەگرێت کە پارەیەکی زۆریان تێدەچێت، لە کاتێکدا کە هەرێم ٣١ ملیار دۆلار قەرزارە.

حاکم لەتیف مستەفا دادوەری و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە پۆستێکدا بەناونیشانی " کاتێک بەرپرس ئاگای لەخەڵک نییە؟" دەڵێت" لەکاتێکدا مووچەی فەرمانبەران نادرێت و خزمەتگوزاری پێشکەش ناکرێ و ھەرێم خراوەتە بەر قەرزی سەرو ٣٠ ملیار دۆلاری بەلام بەرپرسان لەسەفەرو عەیش و نۆشی خۆیان ناکەون و، بە دوو وەفدی جیاو دوو تەیارەی جیا دەچن بۆ پرسەی سەرۆکی ئیمارات 
بەشداری داڤۆس دەکەن کە تێچوەکەی ملیۆنان دۆلارە".

هەروەها لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت" ھەر پارێزگارەو لە ولاتێکە، جگە لەسەفەرە رانەگەیەندراوەکانی وەزیرو بەرپرس و سەرۆک حیزب و ئەندام سەرکردایەتی و بنکردایەتی حیزبەکان خۆیان و ماڵ و مندالیان بۆ سیاحەت و بەناوی نەخۆشی و چی و چیەوە، ھەمووی لەسەر بودجەی گشتی".

لەم لینکەوە تێلیگرامی سپی میدیا جۆین بکە..


لەتیف مستەفا چیرۆکێکی خۆیان کە ئەو دەمەی پەرلەمانتار بووەو سەردانی یۆنانیان کردووە، دەگێڕێتەوەو دەڵێت" ساڵی ٢٠١١ ئەو کاتەی لە پەرلەمانی عێراق بووین، پێشتر بانگھێشتننامەیەک ھاتبوو بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ سەردانی ئەسینای پایتەختی یۆنان ، سەرۆکی پەرلەمانیش وەفدێکی لە ھەموو فراکسێۆنەکان پێک ھێنا کە ژمارەمان نزیکەی ١٩ پەرلەمانتار بوو « لە کوتلە کوردیەکان بەندەو مامۆستا بورھان و یەکێکی تر ئێستا بیرم نەماوە ئەندام بووین » ، ھێندەی ئەو ژمارەیەش فەرمانبەرو کارمەندو راگەیاندکار و چوین بۆ ئەوێ ، دیارە سەرۆکی پەرلەمان درەنگ بەپیر بانگھێشتننامەکەوە چووبو ، کە ئێمە گەیشتین قەیرانی ئابوری یۆنان دەستی پێ کردبوو،ھەموو رۆژێک خۆپیشاندان بوو مووچەیان پێ نەدرابوو، کە وەفدەکەی عێراقیان دی بەو ژمارە زۆرە، بە ئاشکرا نارازی بوونی خۆیان دەربڕی ، وتیان جگە لەوەی لە کاتی نەگونجاودا ھاتوون ، ئەو ژمارەیەش زۆرەو دەبێتە قورسایی بۆ سەر بودجەی ئێمە لەم کاتەدا، ئێمە خۆمان ھەموو سەفەرو ئیفادێکی بەرپرسەکانمان راگرتوەو سیاسەتی سک ھەڵگوشین پەیڕەو دەکەین ئێوەش بەو ژمارە زۆرە ھاتوون ، زۆر تەریق بوینەوە، خواخوامان بوو زوو تەواو بێت و لەبەرچاویان ونبین".

لە کۆتاییدا دەڵێت " کەچی لای ئەمانەی خۆمان مێشیش میوانیان نیەو ھیچ قەیرانێک لە گۆڕێ نیەو مووچەی فەرمانبەری بێ دەرەتانیش نادرێ بە خیالیشیاندانایە".



PM:09:33:31/05/2022