لەبارەی ڕووبەڕوو بوونەوەی هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕوونکردنەوە بڵاوکرایەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رەتیکردەوە پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا روویدابێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ماڵپەری سۆمەریە نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە " شەوی رابردوو بە هیچ شێوەیەک پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا رووینەداوە، راستی بابەتەکە بەوشێوەیەیە، ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدا بووە کەوتووەتە ناو بازگەیەکی سوپای عێراقەوە و ئەوانیش داوای ناسنامەیان لێکردوون، بەڵام لە بەرامبەردا بە بیانووی ئەوەی ئەوان پێشمەرگەن رەتیانکردووەتەوە ناسنامەکانیان بدەن بە سەربازەکان، لە ئاکامیشدا یەکێک لەو سێ کەسەی تەقەی کردووە".

وتیشی" سەربازە عێراقییەکان وەڵامی تەقەکانیان داوەتەوە و لە ئەنجامیشدا یەکێک لە سەرنشینەکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە بریندار بووە، لە ئێستاشدا سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە سەرقاڵی لێکێڵۆنیەوەن لە بابەتەکە".

ئەمەش لەکاتێکدایە،  دەنگۆی هەبوونی پێکدادان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای کەرکوک بڵاوبوووبووەوە.

 

 

 



AM:09:20:01/06/2022