ئاڵدار خەلیل لەبارەی هێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا ڕوونکردنەوە دەدات

یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان لەبارەی هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی ڕۆژئاوا ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" ئەگەر گڵۆپی سەوزیش بۆ توركیا هەڵنەبووبێت، وەها حیساب دەكەین كە لە هەرچركەیەكدا سیستەمی جیهانی دەتوانێت گڵۆپی سەوز رۆشن بكات". 

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) له‌ لێدوانێكدا بە ئاژانسی هاوار نیوزی راگه‌یاند" توركیا ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتێكی زۆر دوورەدەستیش بازرگانی بكات، پێش هەر شتێك نزیكبوونی ئەو دەوڵەتە لەگەڵ پەكەكە و كوردان پرسیار دەكات، هەرچۆن لە كاتی گۆنجاو پەیوەندی لەگەڵ روسیادا، عەفرینیان داگیركرد و لە دەرفەتێكی تری گۆنجاودا لەگەڵ ئەمریكا هێرشی سەرێكانی و گرێ سپی كرد". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستاش دەیانەوێت لە دەرفەتی مافی رایی دان لە ناتۆ لە بابەتی سوێد و فینلانددا بۆ هێرشێكی تر بۆ سەر كوردان دەیانەوێت كەڵك وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا نایەوێت توركیا نزیكی پلانەكانی روسیا ببێتەوە، هەوڵدەدات هەمیشە توركیا رازی بكات، نایەوێت بە دیاركردنی سنورێك بۆ توركیا توڕەی بكات. 

ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە میانی پێشکەشکردنی وتاری تایبەت بە حیزبەكەی ئاكپارتی لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان وتی" ئۆپەراسیۆنەکەمان لە باكووری سووریا بۆ ناوچەكانی دیكەش درێژ دەبێتەوە، پێویستە منبج و چەند ناوچەی دیكە لە باكووری سووریا لە تیرۆر پاكبكرێنەوە". 


PM:02:46:01/06/2022