وەزیری دارایی هەرێم ئەمڕۆ سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانی کرد و وتی" بۆ کۆکردنەوەی داھات و شێوازی دابەشکردنەوەی بۆ مووچە و پرۆژەکان، لەگەڵ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان کۆبونەوەی تایبەتمان دەبێت".
وهزارەتى دارایی و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ چوارشەممە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابوری ھەرێم، به ئامانجی لابردنی ئاستهنگهكانی بهردهم جوڵهی بازرگانی، بەشێوەیەکی مەیدانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێز خانی بەسەرکردەوە، لەمیانی سەردانەکەیدا لەگەڵ عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و سەرجەم لێپرسراوانی بنکە مەدەنی و سەربازییەکانی دەروازەکە کۆبوەوە و گفتوگۆی پێویست لەبارەی گرفت و ئاستەنگەکانی جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری و کەمبونەوەی ڕێژەی داھات لەڕێگەی دەروازەکەوە کراوە".
لای خۆشیەوە، سەرپەرشتیاری دەروازەکە و ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە داوایان کرد بە ئامانجی زیاترکردنی داھات و زیاترکردنی جوڵەی بازرگانی کارئاسانی بۆ ھاوردەکردن و ھەناردەکردنی کاڵاکان و شێواز و نرخی گواستنەوە و ڕسوماتەکان بکرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئاوات جەناب دوای خستنەڕووی ڕوونکردنەوە و ھەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بۆ کۆکردنەوەی داھات و شێوازی دابەشکردنەوەی بۆ مووچە و پرۆژەکان بەڵێنیدا بەزووترین کات لەگەڵ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان کۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسانە بەڕێوەبچێت.