بە مەبەستی بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و زیادکردنی داھات و کەمکردنەوەی بارگرانی و ئاسانکاری لەسەر ھاوڵاتیان و بازرگانان وەزیری دارایی چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری بە یاوەری یاسین واحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنوری ئیدارەکە کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجامدا.
ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە
له كۆبوونهوهكهدا، وەزیری دارایی و ئابوری ڕایگەیاند" لە ژێر ڕۆشنایی بەدواداچون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە و ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی ههبووه لە کۆکردنەوەی داھات و موچەی موچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان".
وەزیری دارایی هەرێم داواشیکرد، کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری یاساییەکانی وەزارەتی دارایی و ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێبھێندرێت ئەوەش لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی.
دەقی بڕیارهكانی وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بریتین لە:
١- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئمور بەڕێدەکرێت.
٢- بازرگانان ئازادن لە بازرگانی کردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.
٣- لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.
٤-پیاداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.
٥- پێداچونەوە بە لێخۆشبونی (٢٠٢) ماددە کە حکومەتی عێراق لێخۆشبونی بۆ کردوە.
٦- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واتا لە دوو بارە بونەوە هیچ بڕه پارەیهك وەرناگیرێت.
٧- کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەرویزخان ڕێکدەخرێتەوە.
٨- پێداچونەوە بەکرێی پشكنینی كومپانیاكانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەروازەكان دەکرێت.
٩- پێداچونەوە بە پاراستنی بەروبومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەل وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
١٠- لە سەر راسپاردەی بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری دابینکردنی ٢٠٠ دۆنم زەوی بۆ کۆگاکانی بازرگانان كە ئەمیش دەبێتە هۆی رەخساندن ٢٠٠٠ هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.