مەسرور بارزانی: بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و خۆراك بابەتێكی جیهانییە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و خۆراك بابەتێكی جیهانییە و حكومەت هەوڵ دەدات هەموو بارگرانییەكان نەكەوێتە سەرشانی هاووڵاتیان". 

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی سێ پرۆژەی کشتوکاڵی لە قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند" خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە جارێکی دیکە لە پارێزگای دهۆک و لەقەزای سێمێل کۆبوینەتەوە بۆ پێشخستنی کەرتی کشوکاڵ و دابینکردنی خواردن بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و جۆراوجۆرکردنی بەرهەمهێنان".

ئەوەشی خستەڕوو، دروستبونی شەڕ کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی و خۆراک هەبوە، حکومەتی هەرێم بەوپەڕی توانایەوە کاریکردوە بۆ کەمبوونەوەی کاریگەریەکانی لەسەر شانی هاوڵاتیان.

وتیشی" پێویستە گرنگی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین، بەرهەمی خۆماڵی هێندە زیاد بکەین کە ببینە سەرچاوەی داهات و بەرهەمهێنانی خواردن بۆ بەشێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا. 


PM:12:06:07/06/2022