وەزارەتی رۆشنبیری راگەیەندراوێکی لەبارەی درامای تورکی (گورگی تەنیا) بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەربارەی زنجیرە درامای تورکی (گورگی تەنیا) ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەو درامایە سوکایەتییە بە هەموو ئەو ڕاستییانە و زیانیان  پێدەگەیەنێت". 

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ بڵاوکراوەیەکدا له‌باره‌ی پەخشکردنی زنجیرە درامای تورکی (گورگی تەنیا) لە کەناڵی (atv) رایگه‌یاند" ئەم درامایە بەرهەمی كۆمپانیاكانی (توركواز میدیا)ی نزیك لە حكومەتی توركیایە، (عوسمان سناڤ) بەرهەمهێن و (جاغاتای تۆسۆن) دەرهێنەری دراماكەیە، (عەلی ئالپەر و موراد كوچا) سیناریۆكەیان نووسیوە".

ئەوەشی خستەڕوو، (گورگی تەنیا) باس لە مێژوی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و PKK  دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات، لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێکی دوژمنکارانە باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکات و هەمو کارتەکان تێکەڵ دەکات تا ڕادەی تێکەڵکردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا، بۆ نمونە لە ئەڵقەی (١٩) کە ڕۆژی ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ پەخشکراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی کوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و موسڵ و كەركوك دو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەک ئاماژەیەک کە هەولێریش شارێکی توركمانییە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاوڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان". 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، بەلای ئێمەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سوکایەتییە بە هەمو ئەو ڕاستییانە و زیانیان  پێدەگەیەنێت، دورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر. 

دەشڵیت" لە کاتێکدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە کە پێویستە هەموان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەک دو دراوسێ، برایانە پێکەوە بژین، هاوکات ئومێدەوارین حكومەتی توركیاش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەکارییە بگرێ کە لەلایەن هەندێک خەڵکی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئالۆزکردنی پەیوەندی نێوان گەلان".

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان باس لەوەش دەکات، ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاکانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت، لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان.


PM:01:17:08/06/2022