وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم باسی هێرشەكەی ئەمشەوی هەولێر دەكات


رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "هێرشەكەی ئەمشەوی شاری هەولێر لەڕێگەی فڕۆكەی بیفڕۆكەوان و درۆن بووە بە تی ئێن تی كەوتۆتە سەر شەقامی نێوان هەولێر- مەسیف و زیان بەر چەند ئوتومبیلێك كەوتووە، سێ كەسی مەدەنی بریندارن و باری تەندروستی یەكێكیان ناجێگیرە.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای سەردانی بریندارانی تەقینەوەكەی ئەمشەوی شاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەداخەوە جارێكی دیكە لەم هێرشەدا هاوڵاتی مەدەنی كرانە ئامانج، هێرشەكە لەڕێگەی فڕۆكەی بیفڕۆكەوان و درۆن بووە بە تی ئێن تی كە كەوتۆتە سەر شەقام و زیان بەر ئوتومبیل كەوتووە، نازانین ئامانجی فڕۆكەكە چی بووە، بەڵام شوێنێكی مەدەنییە و هیچ بارەگایەكی لێ نییە، لەو روداوەشدا سێ كەس برینداربون و یەكێكیان باری تەندروستی جێگیر نییە".

ناوبراو وتی "ئەم كارە لەلایەن چەند گروپێكی لەیاسا بەدەر كراوە و پیشتریش هەڕەشەیان لە شاری هەولێر كردووە، لێكۆڵینەوە بەردەوامە بۆ دیاریكردنی سەرچاوەی هەڕەشەكە، هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ مستەقا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەی كردووە بۆ دانانی سنوور لەو بارەیەوە".




PM:11:55:08/06/2022