ئاژانسێكی ئێرانی: لە هێرشەكەی هەولێردا بەرپرسێكی ئیسرائیل كوژراوە


ئاژانسی میدیایی ئێران رایدەگەیەنێت "ئەگەر هەیە بەرپرسێكی مۆسادی ئیسرائیلی لە هێرشەكەی شەوی رابردووی هەولێر كوژرابێت".  

ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی فەرمی ئێران لەزاری سەرچاوە بەریتانی و عەرەبییەكانەوە نوسیویەتی "تیمێكی دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی كە لەناو ئۆتۆمبێلەكاندا ئامادەبوون، ئامانجی سەرەكی ئۆپەراسیۆنی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بووە".  

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردووە "بەپێی هەژماری تویتەری ئینتل سكای كە تایبەتە بە شیكردنەوەی مەترسییە نێودەوڵەتییەكان و شوێنپێهەڵگرتنی فڕینی جیهانی و هەواڵی قەیران، بەرپرسێكی باڵای مۆساد لەو هێرشەدا كوژراوە".  

ئاژانسەكە وتویەتی "خالد سكیف، پەیامنێری كەناڵی ئەلمەیادینی لوبنان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، سەرچاوە عێراقییەكان باس لەوە دەكەن كە سەرۆكی سكوادی تیرۆری ئیسرائیل لەو هێرشەدا كوژراوە".  

شەوی رابردوو، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لەسەر رێگای پیرمام هەولێر تەقیەوە و بەهۆیەوە سێ كەس برینداربوون، دواتریش ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند "هێرشەكە لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە بووە و بەهۆیەوە سێ کەسی مەدەنی برینداربوون".      

  



AM:10:07:09/06/2022