پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێك بۆ گرانی بازاڕ ساز دەكات



هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا پرسی گرانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیان تاوتوێ دەكات.

پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "پشتبەستن بە حوكمی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (١٨)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، د. ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان دەكات، بۆ دانیشتنی ژمارە (٥)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، لە كاتژمێر (١٠)ی بەیانیی ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢٠٢٢/٦/١٢".

بەپێی راگەیەنراوەكە دوو تەوەر تاوتوێ دەكرێت (یەكەم: خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی ڕاپۆرتی لێژنەی (وزە و سامانەسرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی) سەبارەت بە (گرانیی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتییان)، بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٦٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان).

هەروەها (خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای (بەركاركردن و هەمواركردنی یاسای فیدڕالی و واژۆی ئەلیكتڕۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان، ژمارە (٧٨)ی ساڵی ٢٠١٢، بەپێی حوكمی ماددەكانی (٩٧،٨٩،٨٨،٨٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان).




AM:11:07:10/06/2022