لەبارەی داهات و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدرێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" بەهۆی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە و وشکەساڵییەوە نرخی کاڵاکان لە بازاڕەکانی هەرێم بەرزبووەتەوە". 

جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (دووشەممە 13-6-2022 لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاند" دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان، كێشەی مووچەی فەرمانبەران لەو شوێنانە چارەسەر كراوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆكاری سەرهەڵدانی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو سنورە بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵكوو بۆ كێشەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكوومەت لەو ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە. 

ڕوونیشیکردەوە، سێ جۆر داهات هەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیان پێدەبەستێت، ئەویش داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی و ٢٠٠ ملیار دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستانە كە حكوومەتی عێراق دەینێرێت، داهاتی نەوتی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و شەفاف دیارە و بڵاو دەكرێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە داهاتی نانەوتییە، لەمەشدا هەوڵی زۆرمان داوە، بۆ ئەوەی ئەم داهاتە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كۆ بكرێتەوە، بە شێوەیەك، لەگەڵ یاساكاندا بگونجێت، ئومێدمان زۆرە كە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەیاندنی داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی حكوومەت سەركەوتوو بین و لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بین و بۆ مووچەخۆران تەرخان بكرێت.

جوتیار عادل لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خۆراکەکان لە بازاڕەکانی هەرێم باسی لەوەکرد، هۆکاری گرانبوونی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و وشکەساڵی، لەو پێناوەشدا حکومەتی هەرێم بەمەبەستی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریکردووە بۆ کەمکردنەوەی باجی سەر خۆراک و کاڵاکان لە دەروازە سنوورییەکاندا. 


PM:06:30:13/06/2022