"پێشمەرگە بێجگە لە فرۆكە هەموو جۆرە چەكێكی هەیە"

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت هێزی پێشمەرگە بێجگە لە فرۆكە‌و كۆپتەری جەنگی، هەموو جۆرە چەكێكی سوك‌و قورسی هەیە.

جەبار یاوەر لە لێدوانێك بۆ (SNN) رایگەیاند:  کڕینی چەک پێویستی بە بودجەیەکی زۆرەو ھەرکات بودجەی ھەرێم چارەسەر کرا، ئەو کات ئێمەش ھاوشێوەی حکومەتی فیدراڵ، گرێبەستی کڕینی چەک ئەنجام دەدەین و پێویستی چەک و تەقەمەنی ھێزەکانمان دابیندەکەین.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەکرد کە گرێبەستی کڕینی چەک لەڕووی یاساییەوە ھەرێم دوچاری گرفت ناکاتەوە.
جەبار یاوەر لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کە ھێزەکانی پێشمەرگەی بە لاواز وەسفکردبوو، دەڵێت: ھێزەکانی پێشمەرگە سەلماندیان کە زۆر بەباشی دەتوانن بەرەنگاری گروپە تیرۆریستەکان ببنەوە، بەپێچەوانەی سوپای عیراق کە لەماوەی دوو رۆژدا ناوچەیەکی بەرفراوانیان بۆ تیرۆریستانی داعش چۆڵکرد، سەرەڕای بوونی ٢٠٠ ھەزار سەرباز و نوێترین چەکی جۆراوجۆر.

وتیشی: بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە لەو ڕۆژەوەی کە ئەو ناوچانە کەوتوونەتە دەست گروپە تیرۆرستییەکان، نەیانھێشتووە ئەو گروپانە یەک مەتر پێشڕەوی بەرەو خاکی کوردستان بکەن.



AM:11:25:03/08/2014