ئایا سۆنیا بێتوشی لەسەر بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە؟

پارێزەری سۆنیا بێتووشی ڕایدەگەیەنێت" ئەو بەهۆی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە لە لایەن ئاسایشەوە دەستگیرنەکراوە". 

زانا نەبەز، پارێزەری سۆنیا بێتووشی، کە گۆرانیبێژ و مۆدێلیشە، لەبارەی کەیسەکەیەوە بە (ڕووداو)ی ڕاگەیاند" سۆنیا بێتووشی ماوەی حەوت رۆژە لە لایەن ئاسایشی گشتییەوە راگیراوە، بەدڵنییایەوە سۆنیا بەهۆی بازرگانیکردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرنەکراوە، بەڵکو بەهۆی کێشەیەکی دیکەوەیە کە زۆر جیاوازە لەو بابەتە، بۆیە داواکارم سۆشیاڵمیدیا و راگەیاندنەکان دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکاری". 
 
وتیشی" سۆنیا بێتووشی لە لایەن دەزگای مافی گشتییەوە راپێچی دادگە کراوە و هیچ سکاڵایەکی لەسەر تۆمارنەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە کەیسەکەی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە نییە". 
 
سەبارەت بە بڵابوونەوەی دانپێدانانی کەسێک کە دەوترێت دانپێدانانی سۆنیا بێتووشی بێت، زانا نەبەز باسی لەوەکرد، بە هیچ شێوەیەک ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوبوونەتەوە هی سۆنیا نییە. 
 
ئەوەشی خستەڕوو، دۆسیەکە ئێستا لە قۆناخەکانی لێکۆڵینەوەدایە و هەفتەی داهاتوو بەدڵنیاییەوە سۆنیا دەبرێتە بەردەم دادگا کێشەکە یەکلایی دەکرێتەوە، ئەو کات هەموو شتێک بۆ رای گشتی ئاشکرادەکەین.
 
ڕوونیشیکردەوە، من داواکارییەکم پێشکێشی دادوەری ئاسایش کردووە بۆ ئەوەی ببمە پارێزەری سۆنیا، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادوەر لێرە نییە و لە دەرەوەی وڵاتە، چاوەڕوانین بێتەوە و دەست بە کارەکانم بکەم، چونکە هێشتا ئێمە و کەسوکاری سۆنیاش مافی بینینی ئەومان نییە کە لە چاکسازی ئافرەتانی هەولێر راگیراوە.
 
سۆنیا هەڵگری نازناوی شاجوانی ساڵی (٢٠١٦)ی ئێرانیشە ساڵی ١٩٩١ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە بواری دیزاین و فاشیۆندا کاردەکات و نمایشکار و مۆدێلی جلوبەر بەرگە، ناوبراو لە ساڵی (٢٠٢١) یەکەم کلیپی گۆرانی خۆی بڵاوکردەوە.


AM:12:00:17/06/2022