وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا دەدات و دەڵێت، ڕێژەی تووشبوون لە1%ەوە بەرزبووەتەوە بۆ 5%.
د.رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، "بەپێی داتاكان ماوەی چەند ڕۆژێكە تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كردووە بە جۆرێك پێشتر ڕێژەی تووشبوون 1% بووە و ماوەی چوار ڕۆژە تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی هەڵكشان كردووە و ڕێژەكە بەرزبووەتەوە بۆ 5%."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، "ساڵی ڕابردوو لە وەرزی هاویندا تووشبوون بەكۆرۆنا ڕووی لە هەڵكشان كرد و گۆڕدراوی كۆرۆنا و چالاكبوونیان پەیوەندی بە وەرزی گەرما و سەرماوە نییە، بەڵكو وەرگرتنی ڤاكسین و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانەوە هۆكارە بۆ بەرگرتن لە تووشبوون بە كۆرۆنا و ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندبوو كە كۆرۆنا كۆتایی نەهاتووە".
بەپێی ئاماری ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ٢٤ كاتژمێری رابردوو ٧٠ تووشبووی كۆرۆنا تۆماركراون.