مەرجەکانی پارتى بۆ ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ لایەنە شیعه‌كان‌ و یه‌كێتى ڕاگەیەندرا

دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت دانوستان لەگەڵ هێزە شیعەکان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق دەستپێبکات و دوو مەرجى هەیە بۆ هەر رێککەوتنێک لەو بارەیەوە.  

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمریکا، پارتی دیموکراتی کوردستان لیژنەیەکی لە فواد حسێن وەزیری دەرەوە و پەنگین ڕێکانی بۆ گفتووگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە شیعەکان پێکهێناوە، دەشیەوێت لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی لەسەر کێشەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە ماوەی چەند مانگێکە مایەی ناکۆکی یە لە نێوانیان ڕێکبکەوێت.

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر، پارتی دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنە کوردیەکان وەرەقەیەکی هاوبەشمان هەبێت و پێکەوە بچینە دانوستان لەگەڵ هێز و لایەنە شیعەکان، تا ئێستاش پارتی پێداگرە لەسەر خواستە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان". 

بەپێی راپۆرتەکە، عەرەبی سونە نایانەوێت هاوشێوەی سەدر دەستبەرداری پۆستە حکومی و پەرلەمانیەکانیان ببن، هەروەک پارتی دیموکراتی کوردستانیش چەند مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق داوەتە لایەنە شیعەکان.  

هاوکات سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغداد، مەرجەکانی پارتی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکراکرد، وتی" مەرجی یەکەمی پارتی، ڕاگرتنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقە دژی نەوت و گازی هەرێم، تا ئەوکاتەی دەگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش". 

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، مەرجی دووەمی پارتی ئەوەبووە، گەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەدرێتە یەکێتی، نابێت بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەکە کاندید بکرێتەوە، لەبەرامبەر ئەو پۆستەشدا، پۆستە سیادی و وەزاریەکان بۆ پارتی بن.

هەروەها شوان محەمەد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی مەرجەکانی پارتییەوە بۆ لایەنە شیعەکان باسی لەوەکرد، ڕاگرتنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم، خواستی حکومەتی هەرێم و دەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە.

لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیش، شوان محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار لەگەڵ یەکێتی قسەی هەیە، پێموایە لە کۆتاییدا دەگەینە ڕێککەوتن، پۆستەکە بۆ یەکێتی بێت و پارتی چی ببات، یاخود بۆ پارتی بێت و یەکێتی چی ببات، لەگەڵ یەکێتی لەیەکتێگەیشتن هەیە و لەکۆتاییدا دەگەینە ئەنجامێک. 


PM:05:01:19/06/2022