وەزیری نەوت: بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم جێبەجێ دەكەین


وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت "ئەوان بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم جێبەجێ دەكەین و هەمو رێوشوێنە یاسایی و دەستورییە شەرعییەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە گرتومانەتە بەر".

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاندوە، عێراق كار دەكات بۆ زیادكردنی توانای نەوتی و لەو چوارچێوەیەشدا پرۆژەی گەورەیان هەیە بۆ زیادكردنی بەرهەم و پابەندن تا ساڵی 2027 بڕی بەرهەمی رۆژانەی نەوت بگەیەنینە هەشت ملیۆن بەرمیل، لەئێستاشدا هەندێك پرۆژەیان لە كۆی كێڵگە نەوتییەكان بە تایبەت كێڵگەكانی بەسرە دەستپێكردوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردوە،" عێراق پابەندە بە بڕیارەكانی ئۆپیك و پابەندە بە سیاسەتی كاركردن تێیدا، چونكە بەرهەمهێنەرەكانی نەوت دەبێت كۆی پێویستی وەبەرهێنەران پڕبكەنەوە، لە مانگی حوزەیراندا رۆژانە بڕی بەرهەمهێنان بە گشتی دەگاتە سێ ملیۆن ٨٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە، بۆ مانگی تەمموزیش بە نزیكەی سێ میلیۆن و ٨٥٠ ملیۆن دینار بەرهەممان دەبێت، كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لێی".

وەزیری نەوت وتویەتی "ئێمە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم جێبەجێ دەكەین و هەمو رێوشوێنە یاسایی و دەستورییە شەرعییەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە گرتومانەتە بەر هەندێك هەنگاومان بڕیوە و بەردەوامیش دەبین،  بۆ گەیشتنمان بۆ بەرێوەبردنی كۆی سامانی نەوت لەسەرانسەری وڵاتەكەدا".



PM:08:34:19/06/2022