شاناز ئیبراهیم: ئەگەر هاوکاری ناوخۆیی نەبێت هێرشەکانی تورکیا ئەنجامیان نابێت

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی توند ئاڕاستەی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك کۆماری توركیا ده‌کات و دەڵێت" ناکرێ هەرچی داهات‌ و دەستکەوت‌ و سامانی سەرزەوی‌ و ژێرزەویی هەیە، بینێرین بۆ تورکیا و ئەویش بەکاریبهێنێتەوە بۆ کوشتنی خۆمان".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کاڕگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە دواى به‌شداریكردنى له‌ پرسەی (فەرهاد چه‌له‌بى)‌ و هاوڕێکانیدا، پەیامێکی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگەیاند" دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ و سووتاندنی گوند و چۆڵکردنیان و کوشتن و دەستنیشانکردنی ئەو خەڵکانەی کە بە میوانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێن، ئەوە بەهیچ شێوەیەک مایەی قبوڵ نییە". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی جێگەی داخە کە لە سلێمانی بەوشێوەیە خەڵک دەستنیشان دەکرێن، بەڵام لە شوینەکانی دیکەش خەڵک دەستنیشان کراون، هەموو گوندەکان، هەموو مرۆڤەکان، منداڵ، ژن و پیاو دەستنیشان کراون، ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرنامەمان هەیە کە شێوازی گفتوگۆ و مامەڵەمان بگۆڕین لەگەڵ بەرامبەرەکانمان.

ڕاشیگەیاند" ئەگەر هاوکاریی ناوخۆیی نەبێت هێرشەکانی تورکیا ئەنجامیان نابێت، بەداخەوە من ناتوانم ئەوانە ناوبنێم کورد، چونکە کەسێک خۆی بە کورد بزانێت لەپێناو دۆلارێکدا ژیانی کوردێکی دیکە لەناونابات". 

جەختیشیکردەوە، ناکرێ هەرچی داهات و دەستکەوت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی هەیە بینێرین بۆ تورکیا و ئەویش بەکاریبهێنێتەوە بۆ کوشتنی خۆمان.

دەشڵێت" وا ئەمڕۆ سوڵتانەکەی تورکیا کەسێکی شەهیدکرد، دوێنێ کردی، پێرێ کردی، ساڵی ڕابردوو کردی، سبەینێش دەیکات، ئەوکات چی؟ ئایا نموونەی ئەو سوڵتانە سەدام و هیتلەرن؟ ئەگەر ئەوەیە با بڕوات سەیری مێژوو بکات بزانێت کۆتاییان چۆن بووە؟". 


PM:03:02:20/06/2022