حكومەت یەك ملیار و٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی تەرخانكرد


بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتری سێكتەری خوێندنی باڵا لە كوردستان و بایەخدان بە توێژەرانی زانكۆكانی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بڕی یەك ملیار و٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ئەو توێژینەوانە تەرخان بكات كە دەچنە بواری خزمەتكردن بە كێشەو بابەتە گرنگەكانی پەیوەست بە كۆمەڵگە.  

د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆكی زانكۆی كۆیە رایگەیاند، توێژینەوەی زانستی بنەمای پێشكەوتنی كۆمەڵگەو حكومەت و دامەزراوەكانە، بۆیە ئەو حكومەتانەی لەسەر بنەمای دەرئەنجامەكانی توێژینەوەی زانستی كار و پلانی داهاتویان دادەڕێژن، كۆمەڵگەو حكومەتی پێشكەوتون و بەشێوەیەكی سەركەوتوانە دەتوانن ڕوبەڕوی ئاڵنگارییەكان ببنەوە.  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتری سێكتەری خوێندنی باڵای كوردستان و بایەخدان بە توێژەرانی زانكۆكانی كوردستان، بە پشتیوانی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارمان داوە بە تەرخانكردنی بڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ ئەجامدانی توێژینەوەی زانستی و ئەو توێژینەوانەی دەچنە بواری خزمەتكردن بە كێشەو بابەتە گرنگەكانی پەیوەست بە كۆمەڵگەكەمان".




PM:08:06:20/06/2022