"بە دامەزراندنی دوو کۆمپانیای خۆماڵی نیوەی داهاتی نەوت بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە"

ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" بە دامەزراندنی دوو کۆمپانیای خۆماڵی بواری نەوت، نزیكەی نیوەی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی هەرێم دەگەڕێتەوە". 

رێبوار بابکەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند" 
ئەگەر دوو کۆمپانیا لە بواری نەوت دامەزرێن، ھەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگە و بایەخی ستراتیژیی خۆی ھەیە و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەت دەکەین کە ئەو بڕیارەی دا، ھەڵبەت ئەگەر ئەو دوو کۆمپانیایە دامەزرێن یەکێکیان لە بواری گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان و ئەوەی دیکە بۆ بەبازاڕکردنی نەوتەکە دەبێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەرچوونی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی کوردستان، کۆمپانیا بیانییەکان نەوتی هەرێمی کوردستان دەدۆزنەوە و بەبازاڕی دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایە ٤٧%ی داهاتی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەڕوات و ئەگەر ئەوانە سەر بە ھەرێمی کوردستان بن، ئەو پارەیە بۆ خەزینەی گشتیی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی داھات.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ھەنگاوە دەبێتە ھۆی ئەوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاد بێت، حکوومەت خۆی دەیەوێت سەرچاوەکانی داھات ھەمەجۆر بکات و داھاتی نەوت سەرچاوەی سەرەکییە و ئەگەر ئەو ٤٧%ـە بگەڕێتەوە بۆ خەزینەی حکوومەت زۆر گرنگە بۆ باشکردنی دۆخی داراییی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بوونی ئەو کۆمپانیا نیشتمانییانە گرنگیی ئەوەیشیان ھەیە کە ناکەونە ژێر کاریگەریی ھیچ بڕیارێکی سیاسی، وەکوو ئەوەی بەناو دادگای فیدراڵی.

باسی لەوەشکرد، کاتێک حکوومەتی عێراق بڕیارێک دەدا، کۆمپانیا بیانییەکان ترسیان ھەیە زیاتر بکەونە ژێر فشاری حکوومەتی عێراقەوە، بۆیە ئەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بایەخی ئابووری و ستراتیژیی ھەیە، ئەو دوو کۆمپانیایە جگە لە بابەتی ستراتیژی و ئابووری، بابەتێکی پسپۆڕی و هونەرییان ھەیە، بۆیە پێویستە ئەوانەمان ھەبێت، یان گرێبەست لەگەڵ کارمەندانی بیانی بکەین، گرنگ ئەوەیە خاوەنداریەتییەکەی هی ھەرێمی کوردستان بێت، بۆیە گەر کادیر نەبێت دەتوانین کادیری بیانی بینین تا کادیری خۆمان پێ دەگات، بۆیە دوای ئەوەی بڕیاری لێ درا، زۆر ناکێشێت، دەست بە دروستکردنیان دەکرێت و جارێ وادەی جێبەجێکردنی دیار نییە.


AM:09:08:21/06/2022