پەرلەمانتارێكی پێشووی كۆمەڵ "باشترین بژاردە" بۆ دۆخی عێراق دەخاتەڕوو


پەرلەمانتارێكی پێشووی كۆمەڵی دادگەریی رایدەگەیەنێت "باشترین بژاردە" بۆ دۆخی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی ئێستای عێراق و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەوەی پێشوەختەیە.

ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵی دادگەریی رایگەیاندووە، سبەی ۷۳ پەرلەمانتاری جێگرەوە سوێندی یاسایی دەخۆن و بڕیار وایە پاش ئەوە ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت دەست پێبكات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەبڕوای من هیچ حكومەتێك سەركەوتوو نابێت لە غیابی رەوتی سەدر، هەر بۆیە پەرلەمان و حكومەتی ئایندەش شەرعیەتی ۳۲٪ دەنگدەرانیان لەدەستداوە، بۆیە باشترین و ساناترین وبێ كێشەترین چارەسەر ئەوەیە چوار چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانەكانی هەوڵی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بدەن لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەی دادگای فیدڕاڵی و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت بدرێت".

پێشتر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی رەوتەكەی كرد دەستلەكاربكێشنەوە و ئەوانیش داواكەیان جێبەجێكرد.



PM:08:36:22/06/2022