یەکێتی هەڵوێستی وەردەگرێت
دانانی مەرج لەلایەن گۆڕانەوە بۆ پارێزگای سلێمانی قبوڵ نیە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی رادەگەیەنێت و ئەندامێکی وەفدی دانوستانکاری یەکێتیش دەڵێت: دانانی مەرج لەلایەن گۆڕانەوە قبوڵکراو نییە.
 
دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ھەڵوێستی خۆی لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەربڕی و رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی لیستی خزمەت (کۆمەڵ و یەکگرتوو) نیشاندا بەوەی پۆستەکە دووساڵ بە دووساڵ لەگەڵ یەکێتی بەڕێوەی ببەن، بەو مەرجەی دووساڵی یەکەم بۆ ئەوان بێت، ئەو مەرجە کاردانەوەی یەکێتی لێکەوتەوە.

لەتیف شێخ عومەر ئەندامی وەفدی دانوستانکاری یەکێتی، بە کەناڵی کوردسات نیوز-ی راگەیاند: لەکاتێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی تاوتوێی ھەڵوێستەکەی گۆڕان یان دەکرد، گوێبیستی لێدوانی نوێنەرەکەیان بووین لەمیانەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، کە تیایدا بە مەرج قایلن پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەڕێوە ببرێت.

لەتیف شێخ عومەر وتی: بەداخەوە ئێمە لە کاتێکدا ئەو دەستپێشخەرییەی گۆڕانمان وا دەبینی کە ھەموومان لەو ھەلومەرجەدا یەکتری قبوڵ بکەین و یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین، بەڵام ئەو زمانی فەرزکردنی مەرجە زمانی دانوستان و لێگەیشتن و زمانێکی گونجاو نەبوو لەگەڵ ھەلومەرجەکەی ئەمڕۆ.
ئ
ئاشکراشیکرد، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە گوێبیستی زمانێکی نەرمترو شیرینتر بین بۆ دروستکردنی سەرەتایەکی نوێ بۆ ئیشکردن وەکو تیمێک.
وتیشی: من ھیوادارم ئەوە رای بزوتنەوەی گۆڕان نەبێت و تەنھا رای تایبەتی نوێنەرەکەیان بێت ، بەڵام کەشێکی ئیستیفزازی بۆ ئێمە دروستکرد کە نەمانتوانی بەو شێوەیەی کە پێویستە بڕیارەکە وەرگرین و پێویستیمان بە کاتی زیاتر ھەیە بۆ ئەوەی سەرەتایەکی تر بۆ لێکتێگەیشتن و بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەکە لەچەند روێکەوە بکەین.
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی داوای لە برادەرانی لیستی خزمەت کردووە وەکچۆن دەستپێخەرییەکەیان کردووە، ئاواش ھەوڵبدەن کاتێکی زیاتر تەرخان بکەن بۆ ھەموو لایەک تاوەکو بتوانن باشتر لەیەکتر تێبگەن، نەوەکو مەرج بۆ یەکتری دابنێن.

لەتیف شێخ عومەر رایگەیاند: ئێمەش ھەلومەرجەکەمان لەبەرچاو بوو، رەنگە پێویستی بەوە کردبێت کە قسە لەوە بکەین جۆرێک لە نەرمیش بنوێنین، لەگەڵ ئەوەشدا کە دەزانین ھیچ لایەنێک نیوە زیاتری دەنگەکانی نەھێناوەو لایەنێکیش کە چەند ھەزار دەنگێک زیاتری ھێناوە نابێ خۆی بە براوە بزانێت.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەبووین و بەڵێنیشماندا کە ئەمشەو ئەوپەڕی ھەوڵ بدەین ئەو پرسە کۆتایی پێبینین، بەڵام زمانی مەرجدانان بۆ یەکێتی قورسە، ئەو زمانەش ئێمەی ھێنایەوە چوارگۆشەی یەکەم.  



PM:10:55:03/08/2014