ڕێگری لە وەزیرێک کرا بچێتە قەزای خورماتوو

نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بڵاویکردەوە، لەکاتی سەردانیکردنی ئایدن مەعروف بۆ قەزای خورماتوو، لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی عێراقییەوە رێگری لێکرا بچنە ناو شارەکە.

ئەمڕۆ ٢٥ی حوزەیران، نوسینگەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بڵاوییکردووەتەوە " دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بەمەبەستی بەشداریکردنی لە مەراسیمی یادکردنەوەی ساڵیادی شەھیدکردنی سەرکردەی تورکمانی (علی ھاشم موختار ئۆغلو ) لە دوزخورماتوو، لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی عێراقییەوە لە بازگەی کەرکوک رێگری لە چوونەژوورەوەی بۆ شارەکە کرا ".

باسی ئەوەشکراوە، ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە سەردانیکردنی ناوبراو تەنھا بە مەبەستی ھاوخەمی و دڵنەوایی خانەوادە و خەڵکی شارەکە بووە.

ئەوەشی تێدا هاتووە " ئەم ھەڵوێستە نەشیاو و نادیموکراسییە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و ھیوادارین لایەنی پەیوەندیدار لەبارەی ئەو رووداوەوە بەدەنگ بێت و ھەرچی زووە رێککاری یاسایی بەرامبەر بە بکەرانی رووداوەکە بگیرێتەبەر ".

 



PM:06:46:25/06/2022