ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی هێرشە موشەکییەکان چەند پرسێکی دیکە کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی خۆی بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سازدەکات، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هێرشە موشەکییەکان و فشارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز و هەروەها بودجەی گشتی ساڵی (٢٠٢٢)ی هەرێم دەکات.  

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات. 

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێت:

- خستنەڕووی بابەتی چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا و گرنگیی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی و ڕێکارەکانی هەردوو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەکانی نەوت و گاز.  

- خستنەڕووی بابەتی گوشاری بەردەوامی حکومەتی فیدڕالی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لە پێناوی پەکخستنی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کە ئەمەش بە ئاشکرا پێشێلکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە.  

- خستنەڕووی بابەتی پڕۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢.  


AM:11:01:29/06/2022