لە قادرکەرەم بارگرژی لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دروستبوو

 
لە ناوچەی قادرکەرەم سەر بە قەزای چەمچەماڵ کە کۆمپانیای داناغاز و کێلگەی گازی کۆرۆمۆی لێیە، هێزێکی سوپای عێراقی دەیەوێت کۆنترۆڵی شوێنێکی ئەو ناوچەیە بکات، بەڵام پێشمەرگە رێگای لێدەگرێت و بارگرژی درووست دەبێت.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بە " سپی " راگەیاند" هێزەکانی سوپای عێراق لە رێگای سەرەکی قادر کەرەم – دوزخورماتووەوە پێشڕەویان کردووەو هەوڵیان داوە بازگە دابنێن، بەڵام ئەو هێزەی پێشمەرگە کە لەو دەڤەرەن رێگریان لەو هێزەی سووپای عێراق کردووە".  

هەر لە و بوارەدا محه‌مه‌د چەوری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شارەدێی قادر کەرەم  بە میدیایەکی نزیک پارتی راگەیاندووە " هێزێکی سوپای عێراقی هاتوونەتە سەر رێگای سەرەکی ( قادر کەرەم - دوزخورماتوو) لە نزیک نەوجووڵ ویستویانە له‌ نزیك هێزه‌كانمان بازگە دابنێن، بەڵام پێشمەرگە رێگه‌یان پێ نه‌داون".
  
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستۆتەڕوو کە  هێزەکەی سوپای عێراق لەوەڵامدا وتوویانە: دەیانەوێ بازگەیەک دابنێن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە رەتیان کردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون نابێت بازگە لە نزیک هێزەکانی پێشمەرگە دابنێن و رێگەپێدراو نییەو، دواتر هێزەکە کشاونەتەوە.  
  



PM:09:48:02/07/2022