تەندروستی جیهانی: تووشبوانی كۆرۆنا روو لە بەرزبوونەوە دەكات


رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەكات لەسەرانسەری ئەوروپا رو لە بەرزبونەوە بكات، چونكە لەئێستادا ژمارەی رۆژانەی توشبوان بۆ سێ هێندە بەرزبوەتەوە.

هانس كلوگ، بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندوە "لەدوای هەڵگرتنی رێكارە خۆپارێزییەكان لە كۆی دەوڵەتە ئەوروپییەكان، ژمارەی توشبوان بە كۆرۆنا لەم هاوینەدا روی لە بەرزبونەوە كردوە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "هەرچەندە پلانەكانمان تائێستاش لەبەشێك لە دەوڵەتەكان جێبەجێ دەكرێن، بەڵام هیوادارین پلانی كوتان دژی ڤایرۆسەكە چڕتر بكرێتەوە، لەشوێنە قەرەباڵغەكان هاوڵاتیان ماسك ببەستن، گەر نیشانەی نەخۆشیەكەیان هەبوو خۆیان كەرەنتین بكەن".

ئامارەكانی تەندروستی جیهانی ئاشكرا دەكەن، لە كۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیران، رۆژانە بە گشتی نزیكەی ١٥٠ هەزار حاڵەتی توشبون بە كۆرۆنا لە دەوڵەتە ئەوروپییەكانی ئەندام لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی تۆمار دەكرا، بەڵام لەئێستادا ژمارەكە بۆ ٥٠٠هەزار لە رۆژێكدا بەرزبوەتەوە.




PM:09:14:03/07/2022