جەمیل بایک هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی



هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت " گەورەترین هاوکاری میت بارزانییە و سیخوڕی بۆ میت دەکەن و شوێن و ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاوڕێکانمان دیاری دەکەن و دەیدەن بە میت، میتیش دەیانکاتە ئامانج".

میدیاکانی پەکەکە لێدوانێکی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە بڵاویکردەوە کە هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی و دەڵێت " دەوڵەتی تورک هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەر باکور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کێ بۆ ئازادیی کورد تێبکۆشێت دوژمنی منە، چونکە دەیەوێت ڕیشەی کوردان لە بنەوە هەڵکەنێت، هەربۆیە کێ بۆ کوردان تێکۆشان بکات دەیکەنە ئامانج، توانای دەوڵەتی تورک بەتەنها ئەوەندە نییە کە بتوانێت لە کەلار هەڤاڵ فەرهاد و هاوڕێکانی شەهیدبکات، ئەگەر پەدەکە و پاراستنی پەدەکە و سیخوڕەکانیان، میتیان ئاگادار نەکردبێت، میت ناتوانێت بچێتە کەلار و کۆمەڵکوژییەکی وەها ئەنجامبدات".

ئەو دەشلێت " ئەگەر پەدەکە هاوکاری میت نەکات ناتوانن لە هیچ شوێنێکی باشووری کوردستان و کەلار یەک هەنگاویش هەڵگرن، پەدەکە بەهەموو شێوازێک لەگەڵ میت کاردەکات و هاوکارن."

لەبارەی هەڵوێستی عێراقەوە بایک دەڵێت" حکومەتی عێراق خۆی بێدەنگ کردووە دەوڵەتی داگیرکەری تورک باشووری کوردستان داگیردەکات و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدات و بارەگا دروستدەکات، کەچی حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێکی نییە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت کە هاوبەشن لەو کۆمەڵکوژییانە بۆیە بێدەنگن".



PM:11:56:09/07/2022