سەبارەت بە نەبوونی خواردن بۆ حاجیان لە ناوچەی مینا روونكردنەوە دەدرێت


بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی رێنمایی دەستەی حەجی عێراقی، دابینكردنی خواردن لە ناوچەی مینا بۆ حاجییان لە ئەستۆی دەستەی حەجی عێراقە، بەڵام ئەوان لە ناوچەی مینا ئامادەكارییان بۆ ئامادەكردنی خواردن نەكردووە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی حەج خواردنیان بۆ ئامادەكردوون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆی حاجیان لەناوچەی مینای مەككە، بە پێویستییان زانیوە ئەم خاڵانە روون بكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە دەڵێت "بەپێی رێنمایی دەستەی حەجی عێراق ئەركی دابینكردنی خواردن لە (عەرەفە و مینا ) لە ئەستۆی دەستەی حەجی عێراقە ئەویش بەپێی ئەو ڕێژە پارەیەی كە دەدرێتە دەستەكە بۆ ھەر حاجیەك بڕی سێ هەزار و ٤٠٠ دۆلارە كە دەبوایە خواردنی مینا و عەرەفە لەو بڕە پارە دابین بكرایە، هەروەها ھیچ حاجیەك چوار رۆژ لەناوچەی مینا نامێنێتەوە، بەڵكو تەنیا دوو رۆژ دەمێننەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە روونیكردۆتەوە، بەداخەوە بە كاتێكی درەنگ دەستەی حەجی عێراق پەیامیان ناردووە كە ئامادەكاریان نەكردووە بۆ دابینكردنی خواردنی حاجیان ئەمەش بۆ  كەمتەرخەمی ئەوان دەگەڕێتەوە، هەروەها لە ساتی گەیشتی ئەم كەمتەرخەمیەی دەستەی حەجی عێراق، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لەماوەیەك زۆر زوو چارەسەری دۆخەكەی كرد و لەسەر ئەركی ئەوان خواردنی پێویستی گەیاندە ھەموو حاجیانی كوردستان لەناوچەی مینا.




PM:09:48:10/07/2022