بەرپرسێكی گۆڕان: یەكێتی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكاتەوە


بەرپرسێكی دەستلەكاركێشاوەی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای ئاڵوگۆڕی لە پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە كردووە، واتە پارێزگاری سلێمانی كە ئێستا لای گۆڕانە بدرێتەوە بە یەكێتی و هەڵەبجەش كە لای یەكێتییە، بدرێتە گۆڕان.

جەمال حاجی محەمەد، سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "زۆر دەمێكە بڕیار وابووە ئەو ئاڵوگۆڕە لە پۆستی پارێزگاكاندا بكرێت، هەردوولاشمان ( گۆڕان و یەكێتی) هەتا پێش هەڵبژاردنەكان ڕێككەوتین ئاڵوگۆڕەكان بەیەكەوە بكەین، بەڵام هەتا ئێستا ئەو ئاڵوگۆڕە نەكراوە وەكو پێویست یەكێتی وەكو خۆی هەندێك ئاڵوگۆڕی كرد، بەڵام ئاڵوگۆڕەكان وەكو پێویست ئێمە و ئەوان بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی پێشوو نەكراوە. "

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "یەكێتی داوای ئاڵوگۆڕ دەكات بڕیار وابوو بە دوو ساڵ جارێك ئاڵوگۆڕ بكرێت، بەڵام ئێستا زۆر دواكەوتووە هەتاوەكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەكرێتەوە دەبووایە ئەو ئاڵوگۆڕە بكرایه،‌ بەڵام نەكراوە لەوانەیە بەپێی ڕێككەوتنەكەی ساڵانی ڕابردوو ئەو پۆستە ئاڵوگۆڕ بكرێت".

سەبارەت بەوەی گۆڕان ئامادەیە پۆستی پارێزگاری سلێمانی رادەست بكەنەوە، ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتویەتی "بەپێی ڕێككەوتنەكە دەتوانین پۆستی پارێزگاری سلێمانی رەت بكەینەوە و پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە وەربگرین".


دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش، جەمال حاجی محەمەد وتوەتی "ئێمە هەموو كاتێك داوامان ئەوەیە هەڵبژاردن دوانەكەوێت و لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەپێی زانیاری ئێمە گۆڕانەكان وەكو خۆیان ماونەتەوه،‌ بەڵام سزای حیزبەكەی خۆیان داوە و دەنگیان نەداونەتێ و گۆڕان دەنگی كەمی هێنا".

سەبارەت بە بڕیاری مانەوە یان كشانەوە لە حكومەتی هەرێم، ناوبراو روونیكردۆتەوە "ئەو پرسەمان (كشانەوە یا مانەوەی گۆڕان لە حكومەت) زۆر گفتوگۆ كردووە چاوەڕێی ئەم كۆنفڕانسە دەكەین كە كۆنفڕانسمان بەست ئەوكاتە ئەو پرسە یەكلایی دەكەینەوە بەڕاستی یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی ئێمە دەنگ نەهێنین لە هەڵبژاردندا بەشداریكردنی گۆڕان بوو هەم لەحكومەتی هەرێمی كوردستان هەم لەهاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو".

هەروەها دەڵێت "بڕیاروابوو كۆنفڕانس مانگی حەوت بكرێت، بەڵام هاوڕێیانی دەرەوەی وڵاتمان داوایان لێكردین دوابخرێت بۆ مانگی هەشت"، دەربارەی ئەوەش ئایا ئەو كاتە بۆ بڕیاری كشانەوەیان لەحكومەت درەنگ نابێت، جەمال حاجی محەمەد وتویەتی" نەخێر درەنگ نابێت چونكە هەڵبژاردن دوادەكەوێت، بەدڵنیاییەوە پرسی كشانەوە لە حكومەت یەكلایی دەكەینەوە".



AM:11:04:13/07/2022