ئەمڕۆ بایدن و بن سەلمان كۆدەبنەوە


كۆشكی سپی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، جۆو بایدن ئەمڕۆ هەینی بۆ یەكەمجار بەسەردانێك دەگاتە وڵاتی سعودیە لە جەددە و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە كۆدەبێتەوە.

كۆشكی سپی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە،" ئەمڕۆ هەینی، بۆ یەكەمجار، جۆو بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەگاتە سعودیە، هەر ئێوارەی ئەمڕۆش لە شاری جەددە،بە شێوەی دو قۆڵی بۆ ماوەی 30 خولەك لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین كۆببنەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە، مەلیك سەلمان نەتوانێت ئامادەی كۆبونەوەكە بێت".

هاوكات بەپێی پرۆتۆكۆڵی سەردانەكە لەرۆژی دوەمی سەردانەكەیدا  پادشای سعودییە بانگهێشتی  جۆو بایدن بۆ كۆبونەوەیەكی  لوتكەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو،  بەبەشداری هەریەكە لە شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر ومستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات ".

ماوەی دو رۆژە جۆو بایدن دەستی بە گەشتێك كردوە كە سەرەتا لە ئیسرائیلەوە دەستیپێكرد و چەندین كۆبونەوەی گرنگی لەگەل بەرپرسانی ئەو وڵاتە سازكرد.




AM:11:16:15/07/2022