سەدر مەرجەکانی بۆ پیکهێنانی کابینەی نوێ راگەیاند


موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند "ئەوەی دەیانەوێت حكومەت پێكبهێنن، دەبێت پابەندبن بە لابردنی داگیركاری".  

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ هەینی (15-7-2022) لە پەیامەكەیدا كە لە نوێژی یەكگرتوو خوێنرایەوە رایگەیاند "تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە، ئەوەی حكومەت پێكدەهێنێت دەبێت كۆتایی بە دەستەگەری بهێنێت و چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت".  

 سەدر وتیشی "نابێت ئەوانە بگەڕێنەوە كە بوونە مایەی كارەستی سپایكەر و سەقلاوییە، دەبێت داگیركەران بەشێوەیەكی دیبلۆماسی دەربكرێن".  هەروەها ئاماژەی بەوەكرد "یەكەم هەنگاو بۆ تەوبە، لێپرسینەوە لە گەندەڵەكانە بەبێ دوودڵی، داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكەم لێپرسینەوە لە بەرپرسە گەندەڵەكانیان بكەن".  

ئەمڕۆ بە بەشداری نزیكەی ملیۆنێك لایەنگرانی رەوتی سەدر، "نوێژی هەینی یەكگرتوو" لە ناوچەی سەدر لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو.



PM:12:45:15/07/2022