ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئاماری شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی سێ مانگی ڕابردووی دژی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بڵاوکردەوە، کە لە ١٤ی نیسان تا ١٤ی تەمموز تۆمارکراون.
هەپەگە ئامارەکانی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
چالاکییەکانی هێزەکانمان:
هێزەکانمان لە سێ مانگی ڕابردوودا هەزار و ١٢٩ چالاکییان بەشێوەی بۆسە، هەڵکووتانەسەر، تەقاندنەوە، نیشانەشکێن، چەکی قورس، ڕووبەڕووبوونەوەی و گورز لێدان و ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
ئەنجامی چالاکیی هێزەکانمان:
* هەزار و ٥٢٨ سەرباز کوژراون، کە شەشیان ئەفسەری باڵا بوون و جاشیشیان تێدابووە.
* ٢١٧ داگیرکەر برینداربوون.
هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر، ئەوەندەی کە هێزەکانمان توانیویانە پشتڕاستی بکەنەوە؛
* دوو هەزار و ٦٢٣ هێرشی ئاسمانیی بە فڕۆکەی جەنگیی
* هەزار و ٩٧٨ بۆردوومان بە هێلیکۆپتەر
* هەزار و ١٩٨ جار تونێل و ناوچەکانی شەڕ بە چەکی کیمیایی و تەقەمەنیی بۆردوومان کراون.
هەپەگە ڕایشگەیاندووە، کە گەریلاکان دەستیان بەسەر هەزار و ١٠٤ جۆری جیاجیا چەک و تەقەمەنیی و پێداویستیی سەربازیی سوپای تورکدا گرتووە.
هاوکات ئەوەشی خستووتەڕوو، کە گەریالاکان ١٤١ هێلیکۆپتەر، درۆن، زرێپۆش، ئۆتۆمبێلی سەربازیی، کامێرای حەیراریی و چەندین پێداویستیی سەربازیی دیکەی سوپای تورکیان تێکشکاندووە، هاوکات گورزیش لە ٨٠ هێلیکۆپتەر، درۆن، زرێپۆش و سەنگەری شەڕی سوپای تورک دراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هەپەگە دەڵێت: شەهیدەکانمان بە ڕەنجێکی زۆرەوە پێشەنگایەتیی بەرخۆدانیان کرد، ٧٢ هاوڕێمان لە سێ مانگی ڕابردوودا شەهیدبوون، ئەو ئیرادە و میراتەی کە شەهیدەکانمان تا دوا فیشەک شەڕیان کرد و فیداییانە دایانمەزراند، دەبێتە مسۆگەرکردنی دۆزی پیرۆزی ئازادیی.