وێنە.. لەلایەن ئەنجومەنى پزیشکانى ئەردەنە وە متمانە دەبەخشێتە ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكیەكان

ئەنجومەنی پزیشكانی ئەردەن دواى هەڵسەنگاندن بۆ سێنتەرەکانى ڕاهێنان و فێرکارى ئەنجومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکانى هەرێمى کوردستان، متمانە(Accreditation) دەبەخشێتە ئەنجومەنى کوردستانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

ئەمڕۆ شەممە ١٦ ی حوزەیران، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، لە مانگى ئایارى ٢٠٢٢ شاندێكی ئەنجومەنی پزیشكانی ئەردەن، کە لە نێو ئەنجومەنەکانى پزیشکى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆرترین ئەزمونیان هەیە، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان کردو لە ڕاپۆرتێکدا هەڵسەنگاندنیان بۆ سێنتەرەکانى ڕاهێنان و فێرکارى ئەنجومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکانى هەرێم کرد، دواى گەڕانەوەیان متمانەیان (Accreditation) بەخشیە ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكیەكانى سەر بەوەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، قۆناغ بە قۆناغیش هەنگاودەنێن بۆ متمانەى تەواو بە پرۆگرامە جیا جیاکانى ئەنجومەنەکە.

د. ئاریان شێخ خاڵس، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكیەكان ڕایگەیاند "لە دوای زنجیرەیەک سەردانیکردن و کۆششی بەردەوامى شاندی ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکیەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواجار لەمیانى سەردانێکمان بۆ وڵاتى ئەردەن له‌ 5ی (ته‌موز/7)ی 2022 ئەنجومەنی پزیشکی ئەردەن متمانەی نێودەوڵەتی بەخشییە ئەنجومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و دواتریش پرۆگرام و سێنتەرەکانی فێرکاری سەر بەو دامەزراوەیە لە هەرێمی کوردستان".

باسی ئەوەشی کردووە، ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمى کوردستان و یەکێکە لە کارە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.



PM:04:11:16/07/2022