ئومێد خۆشناو دابەشكردنی ئاو لەلایەن (نەوەی نوێ)وە بە "فەوزا" ناوزەد دەكات


پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، هەر گەڕەكێكی هەولێر بیرەكانی وشك بكات و ئاوی نەبێت، تاكو لێدانی بیرێكی نوێ بۆیان، بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت، بەڵام ئەوەی (نەوەی نوێ) دەیكات بۆ "فەوزا" دروستكردنە، نەك خزمەتكردنی خەڵكی شاری هەولێر.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندووە "لە هەر گەڕەكێكی هەولێر ئەگەر گرفتی ئاو هەبێت، بەهۆی وشكبوونی بیرە كۆنەكانە، ئەوا بیری نوێیان بۆ لێ دەدرێت، بۆیە هەر كات گرفتی ئاو لە هەر گەڕەكێكی هەولێر هەبێت، ئەوا شارەوانییەكان ژمارەكانیان بڵاوكردۆتەوە و لە ڕێگەی تانكەرەوە ئاو بۆ ئەو ماڵانە دابین دەكرێت كە لەو گەڕەكانە گرفتیان بۆ دروستبووە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەوەی نەوەی نوێ دەیكات و تانكەرێكی ئاو دەنێرێ، تەنیا بۆ فەوزا دروستكردنە و نیەتەكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك نییە، رۆژانە لە هەر شوێنێك گرفت هەبووبێت، تیمەكانی شارەوانی لە ڕێگەی تانكەرەوە چارەسەریان كردووە، بەڵام ئەوە ئەركە و هەر باسمان نەكردووە، بۆیە ئەوەی ئەو برادەرانە دەیكەن خزمەتكردن نییە، جۆرێكە لە دروستكردنی فەوزا".

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، شاری هەولێر تووشی گرفتی كەمئاوی بووە و جوڵانەوەی (نەوەی نوێ)یش لەڕێگەی تانكەرەوە ئاوی بۆ چەند گەڕەكێكی ئەو شارە دابینكردووە.



PM:10:04:16/07/2022