زانیاری سەبارەت بە دروستكردنی دوو فیرقەی نوێ لە وەزارەتی پێشمەرگە

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت "لە پلانی نوێی سەرۆكایەتی ئەركاندا هەیە بەم زوانە پڕۆسەی چاكسازی بە میتۆدی كوردی لەناو وەزارەتدا بەرەو پێش ببرێت، كاریش دەكەین بۆ ئەوەی لە زوترین كاتدا دوو فیرقەی نوێ لەناو هێزەكانی پێشمەرگەدا دروست بكرێن".

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ كۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر راوێژكاری باڵای سەربازی وڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كۆبوەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكەوە كران.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە،" لەبەشێكی كۆبونەوەكەدا باس لە پڕۆسەی چاكسازی كرا بەشێوەیەك لەگەڵ بارودۆخی ناوچەكە گونجاو بێت، لەوبارەیەشەوە سەرۆك ئەركان رایگەیاند" لە پلانی نوێی سەرۆكایەتی ئەركاندا هەیە، كە بەم زوانە پڕۆسەی چاكسازی بە میتۆدی كوردی لەناو وەزارەتدا بەرەو پێشببرێت و كاری بەردەوامی لەسەر بكرێت".

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا  دروستكردنی دوو فیرقە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و فەرماندەیی و پرۆسەی هەماهەنگی نێوان هەردولا، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و فەریق روكن عیسا عوزێر باسی لەوەكردووە كە وەزارەتی پێشمەرگە كار دەكات بۆئەوەی لەماوەیەكی نزیكدا ئەم یەكە سەربازییە نوێیانە دروست بكرێن".



PM:09:55:18/07/2022