ڤیدیۆیەکی دەنگی.. زەکی چەلەبی رەتیدەکاتەوە کار لەگەڵ میتی تورکیا بکات


زەکی چەلەبی ئەو کوردەی باکوری کوردستان کە ١٧ ی ئایار لە گەڕەکی بەختیاری لە سلێمانی " تیرۆر " کرا، فایلێکی دەنگی بڵاوکراوەتەوە کە بەرپرسێکی دەزگای میتی تورکیا داوای لێدەکات کار بکات لە گەڵیان و ئەمیش رەتیدەکاتەوە.

ئەو فایلە دەنگییە کە بە زمانی تورکی گفتوگۆ لەنێوان چەلەبی و بەرپرسەکەی میتدا دەکرێت و، ژێر نووسی کوردی لەسەرە، چەلەبی داواکەی میت رەتدەکاتەوە.

لە گفتوگۆکەدا دەردەکەوێت کە ئەوە یەکەم پەیوەندی تەلفونیان نییە. بەرپرسەکەی میت بەناوی دەوڵەتی تورکەوە قسە دەکات و داوای کارکردن لە زەکی دەکات، زەکیش زۆر بە راشکاوانە پێیان دەڵێت " بە هیچ شێوەیەک ناتوانم هاوکارتان بم".

زەکی دەشڵێت" دەوڵەت دەیەوێت بوختان بۆ خەڵکی بێ تاوان بکەم، ئەمە زۆر دوورە لە کەسایەتیی و شوناسی منەوە، من کوردێکی نیشتمان پەروەرم و لایەنگری برایەتی گەلانم".

زەکی جەخت دەکاتەوە " هیچ دەرفەتێک نییە هاوکاری ئێوە بکەم".

بەرپرسەکەی میت لە پەیوەندییە تەلە فونییەکەدا هەڕەشەیەکی شاراوەی لێدەکات و دەڵێت" تۆ خێزان و منداڵت هەیە، بیر لە خێزان و منداڵەکانت بکەرەوە ".

هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە ئەوان زۆر لە دۆسیەی زەکیان کۆڵیەوەتەوەو، گەر هاوکاریان بێت، دۆسیەکەی دادەخەن.
زەکی لە وەڵامدا دەڵێت " من خێرم بۆ نیشتمانەکەی خۆم نەبێت، ئەوا بۆ تورکیاش نامبێت".
 
شەوی ١٧ی مانگی ئایاری ٢٠٢٢ زەکی چەلەبی خاوەنی رێستۆرانتی دەنیز لە گەڕەکی بەختیاری شاری لەلایەن دوو ماتۆرسوارەوە تەقەی لێکرا رۆژی دوای رووداوەکە بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا، تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی و هەرێم لەبارەی ئەو رووداوەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردۆتەوە.



PM:12:42:19/07/2022