"لەسنوری زاخۆ (28) گوند بەهۆی ململانێی نێوان توركیا و پەكەكە چۆڵكراون"


بەرپرسێكی قەزای زاخۆ رایدەگەیەنێت، بەهۆی ململانێی نێوان پەكەكە و توركیاوە 28 گوندی سنورەكەیان چۆڵكراون و (15 بۆ 20) هاوینەهەواری گەشتیاریش هەر بەهۆی شەڕی توركیاو پەكەكە هیچ گەشتیارێك سەردانیان ناكات.

گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە كوردستان تیڤی راگەیاندوە "هاوینەهەواری پەرەخ، رۆژانە بە هەزاران گەشتیار رووی تێدەكات، رۆژی رووداوەكە (700) گەشتیاری لێبووە، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ (28) گوند بەهۆی ململانێی نێوان توركیا و پەكەكە چۆڵكراون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "(15 بۆ 20) هاوینەهەواری گەشتیاری بەهۆی شەڕی نێوان توركیاو پەكەكە هیچ گەشتیارێك سەردانیان ناكات، بوونی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكەمان ئاسایشی تێكداوە".

هەروەها دەڵێت "پێویستە حكومەتی عێراقی سنورێك دابنێت بۆ شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە لە ناوچەكەدا تا قوربانی زیاتری لێنەكەوێتەوە".

پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ناوچەیەكی گەشتیاری لە سنوری قەزای زاخۆ تۆپباران كرا و بەهۆیەوە ژمارەیەك گەشتیار كوژران و برینداربوون، سەرجەم بەرپرسانی عێراق و كوردستان سوپای توركیا بەو رووداوە تۆمەتبار دەكەن، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش ئەو تۆمەتباركردنەی رەتكردەوە.



AM:10:52:22/07/2022